Skip to the content
Menu

‎لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا پێشوازی لە شاندێکی تاسک فۆرس دەکات

بەمەبەستی گفتوگۆکردن و وه‌رگرتنی ڕاوبۆچوونی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان لەسەر پڕِۆژەیاسای پەروەردە و فێرکردن، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/٥/٢٢، لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستی، بەسەرپەرشتیی موسلیم عه‌بدوڵا، جێگری سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی بڕیاردەر و ژماریەک لە ئەندامانى و ڕاوێژکارانی لێژنەكه‌، لە ھۆلی پەناگیری لە ته‌لاری پەرلەمان، پێشوازیی لە شاندێکی تاسک فۆرس کرد، کە پێکھاتبوو لە نوێنەرانی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
سەرەتای کۆبوونەوەکە، جێگری سەرۆکی لێژنە، وێڕای بەخێرھێنانی ئاماده‌بووان، داوای لە نوێنەرانی ھەردوو وەزارەت کرد بیروبۆچوون و پێشنازەکانیان ئاراستەی لێژنەكه‌یان بکەن بۆئەوەی لە نووسینی ڕاپۆرتی کۆتایی سوودی لێوەرگرن.
دواتر، مادە و بڕگەکانی ناو پڕۆژەیاساکە به‌تێروته‌سه‌لى گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا، بۆئه‌وه‌ی ڕاپۆرتى لێژنه‌كه‌ى له‌سه‌ر ئاماده‌ بكرێت و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت بۆئه‌وه‌ی بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان تا خوێندنەوەی دووەمى بۆ بكرێت و وەک یاسایەک لە داهاتوودا کاری پێبکرێت.