Skip to the content
Menu

شاندێکی لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بەجیا سەردانی ھەریەک لە وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایانى ئاینی دەکات

بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی ھاوبەشی نێوانیان، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/٥/٢٢، شاندێکی لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە پەرلەمانی کوردستان، کە پێکھاتبوو لە مەلا ئیحسان محەمەد سه‌لیم، جێگری سەرۆکی لێژنە و وەیسی سەعید وەیسی، بڕیاردەری لێژنە، فه‌یسەڵ عه‌باس عه‌وڵا، شێخ ظاھر محه‌مه‌د عه‌لی خه‌یلانی، ئەندامانی لێژنەكه‌، سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی كرد و له‌لایه‌ن د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی و ژمارەیه‌ک لە بەرپرسانی وەزارەت پێشوازیی لێكرا.
له‌ دیدارێكدا باس لە ڕۆلی مامۆستایانی ئاینی لە خزمەتکردنی ئاینی ئیسلام و بڵاوکردنەوەی ھزری نەتەوەیی و نیشتیمانی كرا، ھەروەک تیشک خرایە سەر ڕەوشی بەیەکەوەژیانی نێوان سەرجەم پێھاتەکان لە کوردستاندا.
ھەر لەدیداره‌کەدا تاووتویی چۆنیەتیی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ کرا کە بڕیارە ئەمساڵ موسڵمانانی کوردستانیش بەشداریی مەڕاسیمەکە بکەن، دوای ئەوەی بەھۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە جیھاندا ھیچ ھاووڵاتییه‌ک بەشداریی مەڕاسیمی فەریزەی حەجی نەکردبوو.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا جەخت لەسەر بەردەوامیی زیاتری پەیوەندیی نێوان لێژنەی ئەوقاف و وەزارەتی ئەوقاف کرایەوە لەپێناو زیاتر خزمەتکردنی ڕەوشی ئاینی لە ھەرێمی کوردستاندا.
ھەر ئەمڕۆ ھەمان شاندی لێژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بە یاوەریی جنان جه‌بار بۆیا، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی ھاوپەیمانیی یەكێتیی نەتەوەیی، سەردانی بارەگای مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی كوردستانی كرد و لە دیدارێكدا لەگەڵ ھەریەك لە د. عه‌بدوڵا سەعید وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایان و مەلا جەلال مستەفا خەیلانی، جێگری سەرۆک و ژمارەێك لە ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی، باس لە چەند بابەتێکی پەیوەست بە كاروباری زانایانی ئاینی كرا، بەتایبەت لە بواری وتاری ئاینی و یەكخستنی وتاری ھەینیدا.
بۆ ئەمەش ھەردوولا ھاوڕابوون بۆ زیاتڕ ھەماھەنگی و ھاوكاری لەپێناو زیاتر بڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیریی پێكەوەژیان لە ھەرێمی كوردستاندا.
جەختکردنەوە لەسەر هەماهەنگیی نێوان دەزگا و دامەزراوە ئاینییەکان، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌کە بوو، بەتایبەت لەو پرسانەی كە ڕەھەندی ئاینییان ھەیە و خزمەت بە کۆمەڵگه‌ دەکەن.
لای خۆیانەوە، مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی زانایان، سوپاس و خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی لەھەمبەر ھەماھەنگییەکانی لێژنەی ئەوقاف و كاروبارى ئاینیی په‌رله‌مان و ھیوایان خواست بەرەدەوامی بەم ھەماھەنگییە بدرێت بۆ زیاتر خزمەتكردنی مامۆستایانی ئاینی و رەوشی بەیەکەوەژیان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.