Skip to the content
Menu

لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی چه‌ند پرسێكى تاووتوێ كرد

بەمەبەستی تاووتوێكردنی چەند پرسێكی په‌یوه‌ست بە كاری لێژنەكە، ئەمڕۆ سێشەمە ٢٠٢٢/١١/٢٢، لێژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بەسەرپەرشتیی مەلا ئیحسان محەمەد سه‌لیم، جێگری سەرۆكی لێژنە و ئامادەبوونی بڕیاردەر و زۆرینەی ئەندامانى و ڕاوێژكارانی لێژنەكه‌، كۆبووەوه‌.
كۆبوونەوەكەدا به‌ ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاکی قوربانییانی ڕووداوەكانی تەقینەوەی پارێزگاكانىی سلێمانی و دھۆک لەگەڵ خوێندنەوەی سورەتی فاتیحە دەستیپێکرد، هاوكات ھیوای زووچاكبوونه‌وه‌یان بۆ برینداران خواست.
پاشان خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو نووسراو و یاداشتانە كرا كە ئاراستەی لێژنه‌كه‌ كرابوون، دوای گفتوگۆكردن و گۆڕینەوەی بیروڕای ئەندامان، ئەوانەی پێویستییان به‌ وەڵامدانەوە هه‌بوو وه‌ڵام درانه‌وه‌، ئەوانه‌ی تریش ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران به‌مه‌به‌ستی ئاراستەكردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە ڕێزگرتن لە بنەما نەگۆڕەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و سەرجەم ئاینەکان کرایەوە لەکاتی داڕشتنی پرۆژەیاساکان لەپێناو پاراستنی شیرازەی کۆمەڵگه‌ و بەرقرارکردنی کلتووری لێبووردەیی و بەیەکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستاندا.
لە بەشێکی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باس لە گرنگیی بریای گواستنەوەی قوتابخانەکانی خوێندنی ئیسلامی کرا لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە بۆ سەر میلاکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، بۆ ئەمە لێژنە بە گرنگیزانی لە ڕێگه‌ی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بەدواداچوون بۆ داواکاری و پێداویستیی قوتابخانەکانی خوێندنی ئیسلامی بکرێت لەگەڵ پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەکانی خوێندن لەپێناو پێگەیاندنی نەوەیه‌کی بە توانا وھوشیار بۆ خزمەتکردنی ئاینی ئیسلام و کۆمەڵگه‌ی کوردستانی.