Skip to the content
Menu

لێژنەی کشتوکاڵ داوا ده‌كات هاوردەکردنی گەنمەشامی قه‌ده‌غه‌ بكرێت

بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی کشتوکاڵی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/١١/٢٨، لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری، بەسەرپەرشتیی شوان زرار، جێگری سەرۆکی لێژنه‌ و ئامادەبوونی بڕیاردەر و ئەندامانى و ڕاوێژکارانى لێژنەکە کۆبووه‌وە.
لە کۆبوونەوەكه‌دا دوای تاووتوێکردنی پرسی هاوردەکردنی گەنمەشامی، لێژنە بڕیاری دا بەنووسراوی فەرمی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات هاوردەکردنی گەنمەشامی قەدەغە بکرێت تا ئەوکاتەی بەرهەمی ناوخۆیی تەواو دەبێت.
هەر لە کۆبوونەوەكەدا، لێژنە بڕیاری دا بەپێکهێنانی لێژنەیەکی لاوەکی بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەڤەری گەرمیان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، لێژنەیەکی لاوەکی تر پێکهێنرا بۆ بەدواداچوونی (٢٪)ى پارەی گەنمی جووتیاران.