Skip to the content
Menu

لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی بەدواداچوون بۆ بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی یۆنان و کوژرانی خوێندکارێکی کورد لە ئێران دەکات

بەمەبەستی گفتوگۆکردن و دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ بەدواداچوون و زانینی چارەنووسی سەرنشینە کوردەکانی ناو بەلەمە نقوومبووەکەی سنوورە ئاوییەکانی یۆنان و کەیسی ئەو خوێندکارە کوردەی کە لە ئێران کوژراوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/١١/٩، لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرپەرشتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی و ڕاوێژکارانی لێژنەكه‌ کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، لەلایەن سەرۆکی لێژنەكه‌وە تیشک خرایەسەر پرسی ئەو بەلەمەی کە پێش چەند ڕۆژێک لە دوورگەی مادیلی لە سنووری وڵاتی یۆنان بە نزیکی حەفتا سەرنشینه‌وه‌ ژێرئاوکەوتبوو و به‌هۆیه‌وه‌ نۆ کەس خنکان و ٢٥ کەسیش ڕزگاریان بوو، بەڵام بەشێکى زۆری سه‌رنشینانی به‌له‌مه‌كه‌ تائێستا بێسەروشوێنن و چارەنووسیان بە نادیاری ماوەته‌وه‌، دوای گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەسەر ئەم پرسە و وەرگرتنی زانیاری و ڕوونکردنەوەی ئەندامانی لێژنەكه‌، بریار درا له‌ ڕێگه‌ی کونسوڵخانەی وڵاتی یۆنان لە ھەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانى تر ھەوڵبدرێت ئەو کۆچبەرە کوردانەی کە لەناو ئەو بەلەمەدابوون چارەنووسیان بزانرێت و بگەڕێنرێنەوە ھەرێمی کوردستان.
تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوه‌کە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر پرسی کوشتنی ئەو خوێندکارە کوردەی بەناوی بەشار فایەق ئەحمه‌د، ٢١ ساڵ کە خەڵکی قەزای بەردەڕەشە و خوێندکاری قوناغی دووەمی کولێژی پزیشکی بووە لە زانکوی ئەھواز، دوای ئەوەی لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو درایە بەر چەقو و دوای چوار ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە بەھۆی سەختیی برینەکانی کۆچی دوایی کرد، لێژنە لەسەر ئەم کەیسە بە پێویستى زانى بەدواداچوون بکرێت و داواش بکرێت بکوژانی ئەو خوێندکارە بدرێنە دادگا و بە سزای خۆیان بگەن، ھەروەھا ماڵباتی بەشار فایەق قەرەبوو بکرێنه‌وه‌.