Skip to the content
Menu

لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا کار لەسەر پێشنیازەیاسای زانکۆ تایبەتەکان دەکات

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیازەیاسای زانکۆ تایبەتەکان لە ھەرێمی کوردستان-عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/١١/٢٨، لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستی، بەسەرپەرشتیی عه‌بدولسه‌لام دۆڵەمەڕی، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی بڕیارده‌ر و ئەندامانى و ڕاوێژکارانی لێژنەکە، کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی لێژنە باسی لە گرنگیی ئەم پێشنیازەیاسایە کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٠ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە بۆ ڕێکخستنەوە و بەرەوپێشبردنی زانکۆ و پەیمانگه‌ تایبەتەکان.
دواتر له‌لایه‌ن ئەندامانی لێژنه‌كه‌وه‌ بەشێوەیەکی گشتی گفتوگۆ لەسەر ‌ئەم پێشنیازەیاسایە كرا و سه‌رنج و تێبینییه‌كانی خۆیان له‌باره‌یه‌وه‌ خستەڕوو، بۆئه‌وه‌ی ڕاپۆرتی لێژنه‌كه‌ى له‌سه‌ر ئاماده‌ بكرێت و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بكرێت تا بخرێته‌ به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنەکانی پەرلەمان و خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.
تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکە، تاووتوێکردنی ئەو نووسراو و یاداشتە فەرمیانە بوو کە ئاراستەی لێژنەكه‌ کرابوون، لەوانە نووسراوی تایبەت بۆ دابینکردنی دەرماڵەی قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگه‌کان، ھەروەھا بەدواداچوون بۆ کێشەی قوتابییانی تواناسازی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لێژنە بڕیاری کارکردن لەسەریان و وەڵامدانەوەیانیدا.