Skip to the content
Menu

لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی چه‌ند پرسێك تاووتوێ ده‌كات

بەمەبەستی تاووتوێكردنی چەند پرسێكی تایبەت بەكاری لێژنەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/١٠/٢٦، لێژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بەسەرپەرشتیی د. هەورامان گەچێنەیی، سەرۆكی لێژنە و ئامادەبوونى جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژكارانی لێژنەكه‌، كۆبووه‌وه‌.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو نووسراو و یاداشتانە كرا كە ئاراستەی لێژنەكه‌ كرابوون، دوای گفتوگۆكردن و گۆڕینەوەی بیروڕای ئەندامان، ئەوانەی پێویستییان به‌ وەڵامدانەوە هه‌بوو وه‌ڵام درانه‌وه‌، ئەوانه‌ی تریش ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران، به‌مه‌به‌ستی ئاراستەكردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان.
ئینجا ھەڵوەستە لەسەر ڕاپۆرتی لێژنەی تایبەت بە سەفەری حەج وعومرە سەبارەت بە پرۆسەی حەجی ٢٠٢٢ كرا، دوای گفتوگۆ و ھەڵسەنگاندن بڕیار درا بە ڕاسپاردنی لێژنەی تایبەت بە چاودێریکردنی سەفەری حەج بە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی تایبەت بەمەبەستی ئاراستەکردنی لە ڕێگه‌ی سەرۆکایەتیی پەرلەمانه‌وه‌ بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەمەبەستی دیراسەتکردن و چارەسەرکردنی کەم و کورتییەکان.
لە بەشێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، بە بایه‌خه‌وه‌ باس لە بڕیای گواستنەوەی قوتابخانەکانی خوێندنی ئیسلامی لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە بۆ سەر میلاکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی کرا و به‌ گرنگ زانرا كه‌ داوا لە وەزارەتی ئەوقاف بکرێت بایەخێکی تەواو بە قوتابخانەکانی خوێندنی ئیسلامی بدات و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات بەمەبەستی پێگەیاندنی نەوەیه‌کی بە توانا و ھۆشیار بۆ خزمەتکردنی ئاینی ئیسلام و کۆمەڵگه‌ی کوردستانی.