Skip to the content
Menu

شاندێکی لێژنەی کاروباری پێشمەرگە سەردانی ئیدارەی سۆران و ناحیەی سیدەکانی کرد

ئەمرۆ دووشەممە ٢٠٢٢/١٠/١٠ لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ، شاندێک لە لێژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بەسەرپەرشتی ریڤینگ هرۆری سەرۆکی لێژنە و ژمارەیەک لە ئەندامانی لێژنەکە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسی تۆپبارانی ناوچە سنوریەکان سەردانی ھەردوو دەڤەری باڵەکایەتی و برادۆستیان کرد.

سەرەتا لە دیوانی قائیمقامیەتی چۆمان لەگەڵ قائیمقامی چۆمان و بەرێوەبەری ناحیەی قەسرێ و سمیلان و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوە، سەربارەت بە رەوشی ناوچەکە و زەرەر و زیانی ھاووڵاتیان بەھۆی دەستدرێژیە بەردەوامەکانی ئێران و تورکیا گفتوگۆی پێویستکرا.

دواتر بە یاوەری قائیمقامی چۆمان سەردانی گوندی وەردەیان کرد و شوێنی تۆپبارانی ئەم دواییەیان بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە لەگەڵ ئەنجومەنی گوند کۆبوونەوە، و گوێبیستی گلەیی و سکاڵاکانیان بوون.

ھەر لە چوار چێوەی سەردانەکەیاندا شاندی پەرلەمانی کوردستان سەردانی دەڤەری برادۆستیان کرد، لە ناحیەی سیدەکان لەگەڵ بەرێوەبەری ناحیە و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوە، دواتر بەیاوەری بەرێوەبەری ناحیە سەردانی شوێنی تۆپبارانەکەیان بەسەرکردەوە، لە نزیکەوە چاویان کەوت بە ھاووڵاتیانی زەرەرمەند و گوێبیستی سکاڵای ئەو ھاولاتیانە بوون کە بەھۆی بۆردومانی ئێران زیانی زۆریان بەرکەوتووە و لە زێدی خۆیان ئاوارە بوون.

ھەروەھا لە دوا ویستگەی سەردانەکەیاندا لە دیوانی ئیدارەی سۆران لەگەل ھەڵگورد نەجیب سەرپەرشتیاری ئێدارەی سۆران و جێگری سەرپەرشتیار و قائیمقامی سۆران کۆبوونەوە، سەبارەت بە رەوشی ھەردوو دەڤەری باڵەکایەتی و برادۆست، جەخت کرایەوە کە پێویستە ھەردوو لا ھەماھەنگ و ھاوکاربن بە ئامانجی دروستکردنی فشاری ھەمەلایەنە بۆ وەستاندنی ئەو دەستدرێژیانەی دەکرێتە سەر ناوچەکە و پاراستنی سەرو ماڵی ھاوولاتیان.