Skip to the content
Menu

لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی به‌دواداچوون بۆ پرسى دیپۆرتكردنی گه‌نجێكی كورد بۆ سوریا دەکات

بەمەبەستی تاووتوێکردن و بەدواداچوون بۆ پرسی دیپۆرتكردنی گه‌نجێكی كورد بۆ وڵاتی سوریا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/١٠/١٧، لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرپەرشتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوه‌كه‌دا، گفتوگۆ لەبارەی پرسی دیپۆرتکردنی گەنجێکی هەرێمی کوردستان کرا کە دوای ئەوەی ویستوویەتی بەڕێگه‌ی قاچاخ بچێتە ئەوروپا، بەڵام لە تورکیا دەستبەسەر کراوە و دواتر ناردوویانە بۆ شاری عەزاز لە وڵاتی سوریا، بۆ ئەو مەبەستەش خێزانی ئەو گەنجە داوایەکیان ئاراستەی لێژنەکەى په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندى كوردستانى کردووە کە هەموو هەوڵێکى خۆیان بدەن بۆ گەڕاندنەوەی کوڕەکەیان. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، لێژنەكه‌ بڕیارى دا نووسراوێک ئاراستەی کونسوڵخانەی تورکیا بکرێت بۆئەوەی هەوڵەکانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەنجە بۆ هەرێمی کوردستان.
پێویستە بووترێت لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لەماوەی ڕابردوودا چەندین سەردان و بەدواداچوونى بۆ هەمان پرس کردووه‌ و لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانیشیدا توانیویه‌تی نزیکه‌ی ١٠٠ گەنجی کورد كه‌ دیپۆرتی شاری عەزازی سوریا کرابوون، بگەرێنێتەوە هەرێمی کوردستان.