Skip to the content
Menu

لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ڕاپۆرتێك لەسەر دۆخی ناوچە کوردستانییەکان ئاماده‌ دەکات

بەمەبەستی تاووتوێکردن و بەدواچوون بۆ چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کاری لێژنەکە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/١٠/٩، لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەسەرپەرشتیی جوان یونس ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لێژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە‌ کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی ئەو نووسراو و یاداشتانەی ئاراستەی لێژنەکە کرابوون، دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوەی ئەندامان، وەڵامی پێویستیان درایەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەكه‌دا، گفتوگۆ لەبارەی ئاماددەکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر دۆخی تەواوی ناوچە کوردستانییەکان کرا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لێژنە بڕیاری دا لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو ڕاپۆرتە ئامادە بکات تا ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت بۆئەوەی دانیشتنێکی تایبەت بەو ناوچانە بە ئامادەبوونی شاندی حکوومەت بەڕێوەبچێت.
ھەروەھا لێژنە بڕیاری دا دەست بە ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنفڕانسێک بکات بە ئامادەبوونی خەڵکی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری ناوچە کوردستانییەکان بۆ تاووتوێكردنی دۆخی ئه‌و ناوچانه‌ و دۆزینه‌وه‌ی میكامیزمی گونجاو بۆ ئاساییکردنەوەیان.