Skip to the content
Menu

لێژنەی کاروباری پێشمەرگە چەند پرسێک تاووتوێ دەکات

بەمەبەستی تاووتوێکردن و بەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی پەیوەندیدار بە کاری لێژنەكه‌، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/١٠/٢٦، لێژنەی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرپەرشتیی ڕێڤینگ هروری، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لێژنە و بڕیاردەر و ئەندامانی و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو ڕاپۆرت و نووسراوانە کرا کە ئاراستەی لێژنەکە کرابوون، دوای گفتوگۆکردنیان وەڵامی پێویستیان لەبارەوه‌ درا، پاشان دەرئەنجامی سەردانە مه‌یدانییه‌کانی لێژنەكه‌ بۆ دەڤەری برادۆست و سیدەکان و وەزارەتی پێشمەرگە و دەستەی وەبەرهێنان، لەلایەن لێژنە لاوەکییەکانه‌وه‌، بە تێروتەسەلی گفتوگۆیان لەبارەوه‌ کرا و دوای سەرنج و تێبینییەکانی ئەندامان، لێژنە بڕیارى دا بە نووسراو دەرئەنجامی سەردان و بەدواداچوونەکانیان لەبارەی کێشە و گرفتەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بەمەبەستی چارەسەرکردنیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت.
لە تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەكه‌دا، لێژنە بڕیارى دا لەگەڵ ڕیکخراوە تایبەتمەندەکان و کۆمەڵەکانی پێشمەرگە دێرینەکان کۆببێتەوە بەمەبه‌ستی تاووتوێكردنی پرسی خانەنشینیی هێزه‌كانى پێشمەرگە و پاكکردنەوەی لیستی خانەنشینی لەو کەسانەی کە ناشایستەن لە وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا چەند پرسێکی پەیوەست بە هێزەکانی پێشمەرگە گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا و بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵیان، لێژنە بڕیارى دا بانگهێشتی هەردوو وەزیری پێشمەرگە و ناوخۆی حکوومەتی هەرێمى كوردستان بکات.