Skip to the content
Menu

لێژنەی کاروباری پێشمەرگە داوا ده‌كات یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ پێشمه‌رگه‌ دروست بكرێت

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجیبوون بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١٠/١٩، شاندێکی لێژنەی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرۆکایەتیی ڕزگار محه‌مه‌د مه‌حمود، بڕیاردەری لێژنە و ئەندامیەتیی سەروان هەرکی، ئەبوبەکر هەڵەدنی و جه‌مال هەروتی، ئەندامانی لێژنەکە، سەردانی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانى کرد و لەلایەن د. محه‌مه‌د شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان پێشوازیى لێکرا.
لە دیدارێکدا، شاندی لێژنەكه‌ى په‌رله‌مان لەگەڵ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، باسیان لە یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هیزەکانی پێشمەرگە کرد و داواش کرا وەک چۆن لەماوەی ڕابردوودا بۆ بەشێک لە چین و توێژی فەرمانبەران یەکەکانی نیشتەجێبوون دروستکراون، بەهەمان شێوە بۆ هێزەکانی پێشمەرگەش دروست بکرێت کە لەگەڵ مووچە و بژێویی پێشمەرگە بگونجێت، لەسەر هەمان بابەت شاندی لێژنەكه‌ی په‌رله‌مان داوای کرد کە دەستەی وەبەرهێنان وەکو لایەنی حکوومەت لەکاتی دابینکردنی زەوی بۆ یەكه‌کانی نیشتەجێبوون و پێدانیان بە وەبەرهێنەران، داوا لە وەبەرهێنەران بکرێت کە ڕِێژەیەک لە یەکەکانی پرۆژەکانیان بە نرخ و قیستێکی جیاوازتر بە پێشمەرگە بدرێت.
لای خۆیەوە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان پیشوازیی لە داواکارییەکانی لێژنەكه‌ بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرد و باسى لەوەش کرد كه‌ لەئێستادا دەست بە دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ شەهیدان کراوە و بەڵێنی ئەوەشى بە شاندی لێژنەی پێشمەرگەدا کە بە نووسراو ئەو داواکارییانە ئاراستەی و ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت و هەموو هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆئەوەی شتێکی لەو چەشنە بۆ هێزەکانی پێشمەرگەش بکرێت.