Skip to the content
Menu

بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەرى ئیسلام
شاندێکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ژمارەیه‌ک مزگەوت و تەکیە و بازاڕى هه‌ولێر بەسەر دەکاتەوە

بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەرى ئیسلام، حەزرەتی محه‌مه‌د ئه‌لمسته‌فا (دروودی خوای لەسەربێت)، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممه‌ ٢٠٢٢/١٠/٨، شاندێکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، کە پێکھاتبوو لە وەیسی سەعید وەیسی، بڕیاردەری لێژنه‌، ظاھر محەمەد عه‌لی و فه‌یسه‌ڵ عه‌باس عه‌وڵا، ئەندامانی لێژنەكه‌، سەردانی ژمارەیه‌ک مزگەوت و تەکیە و بازاڕ وشوێنی گشتیی له‌ شارى هه‌ولێر کرد، کە ڕێوڕه‌سمی به‌رزڕاگرتنی ئه‌و یاده‌ پیرۆزه‌ و خوێندنەوەی مه‌ولود-یان تێدا ساز کرابوو.
له‌ سه‌ردانه‌كانیدا، شاندی لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان لە نزیکەوە پیرۆزباییان ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان کرد و داواكاربوون لە خودای گەورە ده‌رگای خێر و به‌ره‌كه‌ت و ڕەحمەت به‌ ڕووی گه‌لی كوردستان بکاتەوە و ئه‌و یاده‌ ببێتە هاندەرێکی زیاتر بۆ برەودان بە بەها بەرز و مرۆییەکانی ئاین و قووڵکردنەوەی کلتووری تەبایی و لێبووردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوسەرجەم پێکھاتەکانی کوردستاندا.
ھەروەک دەستخۆشییان لە خەلکی ئاینپەروەری شاری ھەولێر کرد، كه‌ وەک درێژەپێدان بەڕێچکەی سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین، کە یەکەمین کەس بووه‌ بە ئاشکرا یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری کردووەتەوە و ساڵانە بە جوانترین شێوە خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ ئاھەنگی یادی مه‌ولود ساز دەکەن.