Skip to the content
Menu

شاندێکی لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی سەردانی کونسوڵخانەی ئەڵمانیای کرد

بەمەبەستی پیرۆزباییکردن لە کونسوڵی نوێی ئەڵمانیا لە هه‌رێمی كوردستان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/١٠/١٧، شاندێکی لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرۆکایەتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنە و ئەندامیەتیی ئیدریس ئیسماعیل عه‌بوش، بڕیاردەری لێژنەكه‌ و ڤیان یوسف ئیلیا، ڕاوێژکاری لێژنەکە، سەردانی کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیاى لە هەولێر کرد و لەلایەن کلاوس شتێرایشەر، کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا پێشوازیى لێکرا.
لە دیدارێکدا، سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکان، بەناوی لێژنەکەوە پیرۆزبایی لە کونسوڵی نوێی ئەلمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە ئەرکە تازەکەیدا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیاى کرد بەرامبەر به‌ بریاری مانەوەی هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان و بەردەوامیی هاوکارییەکانی حکوومەتی ئەو وڵاتەشى بۆ هەرێمی کوردستان بەرزنرخاند.
لای خۆیەوە، کلاوس شتێرایشەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی وەک کونسوڵی گشتیی وڵاتەکەی لە ھەرێمی کوردستاندا، خۆشحاڵی و سوپاسگوزاریی خۆى ئاراستەی لێژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمان کرد بۆ سەردانەکەیان و گەیاندنی پیرۆزباییان، دووپاتیشی کردەوە کە ئەوان بە گرنگییەکی زۆرەوە دەڕواننە هەرێمی کوردستان و بەلای ئەوانەوە جێگەی بایەخ و گرنگیدانە و ئەوان وەکو وڵاتی ئەڵمانیا بەردەوام دەبن لە هاوکاری و هەماهەنگییەکانیان لە هەموو بوارێکدا.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، جه‌خت له‌سه‌ر پەرەپێدانی زیاترى پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا كرایه‌وه‌.