Skip to the content
Menu

دهۆك.. سەرۆکی پەرلەمان بەشداریی له‌ وێرکشۆپی ڕاوێژکاریی پڕۆژەیاسای کار لە هەرێمی کوردستان کرد

ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممە ٢٠٢٢/٩/١١، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، لە شاری دهۆک، بەشداریی لە وێرکشۆپی ڕاوێژکاریی پڕۆژەیاسای کار لە هەرێمی کوردستان-عێراق کرد، کە لەلایەن ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ڕێکخرابوو.
لە دەستپێکی وێرکشۆپەکەدا، د. ڕێواز فائق، سوپاسی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتیی کرد بۆ ڕێکخستنی ئەو وێرکشۆپە و ڕایگەیاند: "بەشێوەیەکی گشتی ئێمە دەستخۆشی لەو جۆرە دەستپێشخەرییانە دەکەین و دڵنیام ئەندام و ڕاوێژکارانی پەرلەمانیش بە پەرۆشییەوە ڕۆڵی کاریگەر دەگێڕن لە دەوڵەمەندکردنی پڕۆژەیاسای کار و هاوکات داوا لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەکەم هەرچی زووە پڕۆژەیاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئاراستەی پەرلەمان بکەن".
ھەر لە وێرکشۆپەکەدا، کە سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی هه‌ردوو لێژنەی كاروبارى یاسایی و لێژنه‌ی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان و خاتوو زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی پەرلەمان ئامادەیبوون، ڕاو سەرنج و تێبینی لەبارەی ماددەکانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای کار گفتوگۆ کران.
د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئەم پڕۆژەیاسایە یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژەیاساکان و دەبێت لە ئاستی خواستدا بێت و دەتوانرێت بە سەرنج و تێبینیی گونجاو دەوڵەمەندتر بکرێت". هەروەها ئاماژەی بە گرنگی و کاریگەریی پڕۆژەیاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرد کە وەک پڕۆژەی تەواوکارییە بۆ یاسای کار.
لە کۆتایی وێرکشۆپەکەشدا، د. ڕێواز فائق، ڕایگەیاند: "بەشێکی ئەم پڕۆژەیاسایە لە یاسای کاری عێراقی، ژمارە ٣٧ی ساڵی ٢٠١٥ وەرگیراوە، لە ڕوانگەی لەخۆگرتنی پرەنسیپە سەرەکییەکانی بواری کار و کرێکاران و مافی کرێکاران، کە نموونەیین و دەتوانرێت لە یاسای کاری زۆربەی ئەو وڵاتانەدا بەدی بکرێت کە سیستەمی ئابووریی لێمانەوە نزیکە".