Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى بەدواداچوون بۆ چه‌ند پرسێكی گرنگ دەکات

بەمەبەستی گفتوگۆکردن و بەدواداچوونی پێویست بۆ هەندێ بابەتی پەیوەندیدار بە ژیانی هاووڵاتییانەوە، ئه‌مڕۆ چوارشەممه ٢٠٢٢/٩/١٤، لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى، به‌سه‌رپه‌رشتیی زیاد جه‌بار، سه‌رۆكى لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیاردەر و ئه‌ندامان و ڕاوێژکارانی لێژنه‌كه، کۆبووەوه‌.
سەرەتای كۆبوونەوەكە، ئەو نووسراو و سكاڵایانەی ئاراستەی لێژنەكە كرابوون، خوێندنەوەیان بۆ كرا و دوای گفتوگۆكردن و ڕاگۆڕینەوه‌ی ئەندامان، ئەوانەی پێویستییان بە وەڵامدانەوە هەبوو، وەڵام درانەوە، ئەوانەی تریش ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار كران بۆ كاری پێویست.
تاووتوێکردنی سێیەمین ڕاپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی ته‌وه‌رێكی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن و کردنەوەی دەرگای خوێندنگه‌ و قوتابخانەکان، لێژنە بڕیاری دا لێژنەیەک پێکبهێنرێت بەمەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەبارەی بەدواداچوون بۆ کرێی خوێندنی کەرتی تایبەت بەگشتی، هه‌ر لە دایەنگەوە تا ده‌گاته‌ زانکۆکان به‌مه‌به‌ستی کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر خانەوادەی خوێندکاران و قوتابیان کە لەو بارودۆخە داراییەی ئێستادا پێویستە هەموو لایەک هەست بە بەرپرسیاری بکەن و هاوکار بن.