Skip to the content
Menu

لێژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌ مافى مرۆڤ له‌گه‌ڵ سه‌ندیكاكانی كرێكارانی كوردستان كۆبووه‌وه‌

ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ ٢٠٢٢/٩/٢٠، لێژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكیكردن له‌ مافى مرۆڤ، به‌سه‌رپه‌رشتیى ڕۆمیۆ هه‌كارى، سه‌رۆكى لێژنه‌ و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكى لێژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانى لێژنه‌كه‌، كۆبووه‌وه‌.
سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئه‌و نووسراو و سكاڵایانه‌ى ئاراسته‌ى لێژنه‌كه‌ كرابوون، خوێندنه‌وه‌یان بۆ كرا، دواى گفتوگۆكردنیان و ڕاگۆڕینه‌وه‌ له‌نێوان ئه‌ندامانى لێژنه‌كه‌، ئه‌وانه‌ى پێویستیان به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵام درانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ى تریش ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان كران بۆ كارى پێویست.
پاشان لێژنه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی سه‌رنج و تێبینییه‌كانیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای كار و ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى، لەگەڵ سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان كۆبووه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رجه‌م سه‌رنج و تێبینییه‌كان و پێشنیازه‌كان له‌سه‌ر بڕگه‌ و مادده‌كانى پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌لایه‌ن نوێنه‌رى سه‌ندیكاكان به‌ نووسراو ئاراسته‌ى ئه‌ندامانى لێژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان كرا.
هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لێژنه‌كه‌ بڕیاری دا له‌ ماوه‌یه‌كى نزیكدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى خاوه‌نكاران و ژوورى بازرگانیى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆك و ئه‌ندامانى نووسینگه‌ى جێبه‌جێكردن له‌ یه‌كێتیى سه‌ندیكاكانى كرێكارانى كوردستان و ڕاوێژكارانى سه‌ندیكاكان كۆببێته‌وه‌.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆیه‌كى ورد له‌سه‌ر هه‌ندێ له‌ بڕگه‌ و مادده‌كانى پڕۆژه‌یاساى كار و ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى كرا هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر پاراستى مافى كرێكاران و خاوه‌نكاران له‌ ناو پڕۆژه‌یاساكه‌دا.