Skip to the content
Menu

لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان چەند پرسێکى گرنگ تاووتوێ دەکات

بەمەبەستی گفتوگۆکردن و تاووتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کاری لێژنەکە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٩/٢٠، لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان، بەسەرپەرشتیی شاخەوان ڕەئوف بەگ، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لێژنە و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەكه‌ کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بۆ خوێندنەوە و وەڵامدانەوەی ئەو نووسراو و ڕاپۆرتانە تەرخان کرا کە ئاراستەی لێژنەکە کرابوون، دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوەی ئەندامان لەباره‌یانه‌وه‌، ئەوانەى پێویستییان بە وەڵامدانەوە هه‌بوو وەڵام درانه‌وه‌، ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کار پێویست، ھەروەھا لێژنەش بۆ بەدواداچوونی ھەندێک لە نووسراوەکان پێکھێنرا.
تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە تاووتوێکردن و گفتوگۆکردن لەسەر دانانی کامێراى دیاریکردنی تیژڕەوی، کە بۆ ئەو بابەتە وەزارەتی ناوخۆى حکوومەتی ھەرێمى كوردستان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کردووە، بۆ وەرگرتنی زانیاری و ڕوونکردنەوە لەسەر شێوازی کار و ناوەڕۆکی گرێبەستەکە، لێژنە بڕیارى دا لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی ناوخۆ کۆببێتەوە.
هه‌ر له‌ کۆبوونەوەكه‌دا، پرسی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ماتۆڕسکیل له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتووچۆوه‌ بۆ ڕێکخستنی کارەکانیان بەشێوازێکی گونجاو تاووتوێ کرا، بۆ ئەو مەبەستەش لێژنە بڕیارى دا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ھاتووچۆی ھەرێم و بەڕێوەبەرانی ھاتووچۆی پارێزگاکان کۆببێتەوە.