Skip to the content
Menu

لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا کۆبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٢/٩/٢٢، لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرپەرشتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنە و ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئەندامانی لێژنەکە، پێشوازیی لە دەیڤد هەنت، کونسوڵی گشتیی وڵاتی بەریتانیا لە ھەولێر کرد.
لە دیدارێکدا لە ته‌لارى پەرلەمان، گفتوگۆ لەبارەی چارەنووسی تەرمی کۆچبەرە بێسەروشوێنەکانی نوکەندیی ئینگلیز کرا، کە لەسەرەتای ئەمساڵ لە ئەنجامی نقومبوونی یه‌ختێكی کۆچبەران، چەندین ھاووڵاتیی کورد لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەستدا و تائێستاش تەرمی ھەندێک لەو کۆچبەرانە نەدۆزراوەتەوە، دوای بە دواداچوون و سەردانی لێژنەكه‌ بۆ کونسوڵخانەى بەریتانیا لە ١٩ى ئادارى ئەمساڵدا و پێشکەشکردنی یاداشتێک کە داواکاریی کەسوکاری قوربانییانی ئەو کەیسەی لەخۆگرتبوو، ئەمڕۆ ده‌یڤد هه‌نت، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە ھەولێر، سەردانی لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانیی لە پەرلەمان کرد و له‌ دیداره‌كه‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ کە ئەوان وەکو حکوومەتی بەریتانیا لە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ دۆزینەوەی تەرمی کۆچبەرە بێسەروشوێنەکان، ھەروەھا سەرەخۆشیی خۆشیانى ئاراستەی خێزانی قوربانییان کرد کە لەو ڕووداوە تراژیدیەدا گیانیان لە دەست داوە.
لەلایەن خۆیه‌وە سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، سوپاسی کونسوڵخانەی بەریتانیاى لە ھەرێمی کوردستان کرد به‌رامبه‌ر بەردەوامیی ھەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی تەرمی بێسەروشوێنەکان.
دوابه‌دوای دیداره‌كه‌ش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبه‌شدا هه‌ردوولا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.