Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەر و ستافی هەردوو نەخۆشخانەی هیوا و سەنتەری ژیانەوە و دەستەی داکۆکیکار کۆبووەوە

‎ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممە ٢٠٢٢/٩/٤، د. ڕێواز فائق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، لە شاری سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەر و ستافی هەردوو نەخۆشخانەی هیوا و سەنتەری ژیانەوە بۆ نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و چارەسەرییەکانی شێرپەنجە بەئامادەبوونی دەستەی داکۆکیکار لە نەخۆشخانە و سەنتەرەکە، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەو گیروگرفت و کەموکوڕیەکانی هەردوو نەخۆشخانەکە کۆبووەوە.

‎لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سوپاسی ستافی هەردوو نەخۆشخانەکەی کرد، لە پای دڵسۆزی و پەرۆشی و لەخۆبردووییان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بە نەخۆشەکان سەرەڕای نالەبەری دۆخی داراییان، پاشان کێشەو گیروگرفتەکانی هەردوو نەخۆشخانەکە بە وردی تاوتوێ کرا. ‎

د.ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەڵێنی دا هەوڵی جددی بدات کە کێشەکانیان لەڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، تاوەکو بتوانن بەهەمان توانای پێشتر بەردەوام بن لە پێدانی چارەسەر بە نەخۆشەکانی شێرپەنجە، کە لە هەموو پارێزگانی هەرێمی کوردستان و باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕوویان تێدەکەن.