Skip to the content
Menu

شاندێکی لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی سەردانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ده‌كات

لەسەر ڕاسپاردەی سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان له‌ دانیشتنی ژماره (٤)ی ئاساییی خولى پایزه‌ى ڕۆژی ٢٠٢٢/٩/٢٧، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ نووسراوێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٢/٩/٢٨، شاندێکی لێژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە پەرلەمانی کوردستان، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. هەورامان گەچێنەیی، سەرۆكی لێژنە و ئه‌ندامیه‌تیی وەیسی سەعید وەیسی، بڕیاردەری لێژنە و فه‌یسەڵ عه‌باس عه‌وڵا، د. ئیسماعیل عه‌لی تەھا، ئەندامانی لیژنەكه‌، سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی کرد.
لە دیدارێكدا لەگەڵ د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی و بەرپرسانی تری وەزارەتەکە، شاندی لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كیان ڕوونكرده‌وه‌ كه‌ بۆ بەدواداچوون و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوونه‌ به‌ نووسراوی ژمارە ٢٧٣٩ لە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٧/١٨ی وەزارەتی ئەوقاف، سەبارەت بە سەنتەر و بنکەکانی فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز.
له‌ به‌رامبه‌ردا وەزیری ئەوقاف و كاروبارى ئاینی ڕاشکاوانە ڕوونکردنەوەی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ دا كه‌ مەبەست لێی چالاکیی ئەو ڕێکخراوانە نییە کە لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان و بەپێی ڕێنماییەکان مۆڵەتی کارکردنیان ھەیە، بەڵکو مەبەست ھەر کەس و لایەنێکە مۆڵەتی ڕەسمییان نییە و چالاکیی جۆراوجۆری ئاینی ئەنجام دەدەن، ئەمەش ئەرکی وەزارەتی ئەوقافە بەپێی یاسا وەک لایەنی پەیوەندیدار لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی ئەم بابەتە بەشێوەیەکی یاسایی و شەرعی ڕێکبخات.
لە بەشێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا پلان و بەرنامەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی خرایە ڕوو لە بایەخدان بە بنکە و سەنتەرەکانی فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز و خوێندنی ئیسلامی کە لە ئێستادا لە ھەرێمی کوردستان وەزارەتی ئەوقاف سەرپەرشتیی زیاتر لە ١٠٠ بنکەی فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز و ١٣٦ حوجرەی فەقێیان و ٢١ قوتابخانەی ئاینی بۆ خوێندنی ئیسلامی دەکات.
شاندى لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان بە گرنگییەوە چالاکی و بەرنامەکانی وەزارەتی ئەوقافی ھەڵسەنگاند و جەختی لەسەر بەردەوامیى ھەماھەنگیی نێوان لێژنەی ئەوقاف و وەزارەتی ئەوقاف کرده‌وە لەپێناو بەرەوپێشبردنی ڕەوشی ئاینی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستاندا.