Skip to the content
Menu

شاندێکی لێژنەی شارەوانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار سەردانی دیوانی پارێزگای هه‌ولێر ده‌كات

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كانی لێژنه‌كه‌ بۆ پارێزگاكان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢٢/٩/٢٧، شاندێکى لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار، به‌سه‌رۆكایه‌تیی لوقمان وه‌ردى، سه‌رۆكی لێژنه‌ و ڕزگار عیسا سوار، جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و نزار مه‌لا عه‌بدولغه‌فار، بڕیارده‌رى لێژنه‌ و ئه‌ندامیه‌تیی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لێژنه‌كه‌، سەردانی دیوانی پارێزگای ھەولێری کرد و لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر پێشوازیى لێكرا.
لە کۆبونەوەیەکدا كه‌ بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار و سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر و بەڕێوەبەرانی (ئاودێری، شوێنەوار، گواستنەوە و گەیاندن)، چه‌ند پرسێكی گرنگى په‌یوه‌ست به‌ خزمەتگوزاریی گشتی لە سەنتەری پارێزگای ھەولێر گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ کرا، له‌وانه‌ بابەتی بەھەدەردان و زێدەڕۆیی کردنەسەر زەوی و موڵکی گشتی، پێدانی مۆڵەت و گەیاندنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ئەو زەوییانەی ساڵانێکە دابەشکراون لە سەنتەری پارێزگای ھەولێر و تاکو ئێستا بێبەشن لە خزمەتگوزاری، گەیاندنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ئەو گەڕەکانەی تائێستا خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ نەچووە، خزمەتگوزاریی خۆڵ و خاشاک بابەتی چارەسەری کردن ڕیسایکلین، پڕۆژە تەواونەکراوەکانی سنووری شارەوانیی ھەولێر، ئاودێری و پاراستنی سەوزایی باخچە و پارکەکان، کێشەی ئیفرازی زەوی و قەرەبووکردنەوەی خاوەن موڵکەکان، ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بەخاوەنکردنی خانووەزێدەڕۆکان، کێشە و کرفتەکانی بانەوانی و ڕسوماتی خۆڵ و خاشاک و ناو و تابلۆی بازرگانی، بایه‌خدان و پەرەپێدانی زیاتر بە کەرتی گەشتوگوزار، کێشە و گرفتی گواستنەوە و بایەخدان بەکەرتی گواستنەوەی گشتی، پاراستن و بەڕێوەبردنی شوێنەوارە دێرینەکانی ھەولێر و چەند بابەتێکی تری پەیوەست بە شارەوانییەکان.
ھەر لە کۆبوونەوەكەدا جەخت کرایەوە لەسه‌ر پێویستیی دابەشکردنی نەوتی سپی به‌سه‌ر ھاوولاتییاندا لە زووترین کاتدا.