Skip to the content
Menu

شاندێکى لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار سەردانی سه‌رۆكایه‌تیی شارەوانیی ھەولێری کرد

بەمەبەستی چاودێریكردن و بەدواداچوون بۆ پرسی خزمەتگوزارییه‌ گشتییه‌كان، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/٩/٤، شاندێکى لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار، به‌سه‌رۆكایه‌تیی لوقمان وه‌ردى، سه‌رۆكی لێژنه‌، ڕزگار عیسى سوار، جێگرى سه‌رۆكى لێژنه‌، نزار مه‌لا عه‌بدولغه‌فار، بڕیاده‌رى لێژنه‌ و ئه‌ندامیه‌تیی هه‌ریه‌ك د. زێدان ڕه‌شید خان، ئه‌بوبه‌کر هه‌ڵه‌دنی، د. محێدین حه‌سه‌ن، ئه‌ندامانى لێژنه‌كه‌، سەردانی سه‌رۆكایه‌تیی شارەوانیی ھەولێری کرد و له‌گه‌ڵ عه‌بدولواحید ئه‌حمه‌د، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر و سەرۆکی هه‌ر شەش شارەوانییه‌كه‌ى سەنتەری شاری ھەولێر و لێپرسراوی بەشی ئەندازەی پارکەکان كۆبووه‌وه‌.
دواتر سەردانی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێرى کرد و لەگەڵ سەرتیپ خالید، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر و سەرۆکی شارەوانییەکانی خەبات، بنەسڵاوە، پیرمام، عه‌نکاوە و بەڕێوەبەری ژینگە و خزمەتگوزاری کۆبووه‌وە.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا چه‌ندین پرسی گرنگ گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا، له‌وانه‌ پرسی بەھەدەردان و زێدەڕۆیی کردنەسەر زەوی و موڵکی گشتی، پێدانی مۆڵەت و گەیاندنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ئەو زەوییانەی ساڵانێکە دابەش کراون لە سەنتەری پارێزگای ھەولێر و تاکو ئێستا بێبەشن لە خزمەتگوزاری، گەیاندنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ئەو گەڕەکانەی تائێستا خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ نەچووە، خزمەتگوزاریی خۆڵ و خاشاک چارەسەرییه‌كان.، پڕۆژە تەواونەکراوەکانی سنووری شارەوانیی ھەولێر ، ئاودێری و پاراستنی سەوزایی باخچە و پارکەکان، کێشەی ئیفرازی زەوی و قەرەبووکردنەوەی خاوەن موڵکەکان، ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بەخاوەنکردنی خانووەزێدەڕۆکان، کێشە و کرفتەکانی بانەوانی و ڕسومات، هه‌روه‌ها چەند بابەتێکی تری پەیوەست بە شارەوانییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا .