Skip to the content
Menu

خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزان و ئافرەت كرا

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٠٢٢/٩/٢١، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونی منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (٢)ی ئاسایی خولی پایزه‌ى ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی دانیشتنه‌كه‌ی ده‌كرد، به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌.
پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لێژنه هه‌میشه‌ییه‌كان، به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت خوێنده‌وه.
به‌ر له‌ده‌ستكردن به‌جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، د. هێمن هه‌ورامی، به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ى خاتوو ژینا ئه‌مینی كرد و بۆ ڕێزلێنانیش له‌ گیانی پاكی، داواى له‌ ئاماده‌بووانی دانیشتنه‌كه‌ كرد ده‌قیقه‌یه‌ك به‌ بێده‌نگی بوه‌ستن.
پاشان به‌پێی بڕگه‌ی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، كه‌ بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزان و ئافرەت لە هەرێمی كوردستان، ڕاپۆرتی لێژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافی ئافره‌ت، كه ‌له‌لایه‌ن لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه ڕاستاندنی بۆ كرابوو، به‌ده‌نگی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كرایه بنه‌ما بۆ گفتوگۆكردن، به‌ڵام به‌هۆی بوونی جیاوازیى بیروڕا سه‌باره‌ت به‌ڕه‌تكردنه‌وه‌ى پێشنیازه‌یاساكه‌، یاخود به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر گفتوگۆكردنی، دانیشتنه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك دواخرا.
سه‌عات (٢)ى پاشنیوه‌ڕۆ به‌شی دووه‌می دانیشتنه‌كه‌، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، ده‌ستیپێكرده‌وه‌، كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیرى ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، د. ڤالا فه‌رید، وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان و د. خانزاد ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان ئاماده‌یبوون، له‌لایه‌ن ‌لێژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌، ‌ناوونیشان و ماده به ماده ‌و بڕگه به بڕگه‌ی ڕاپۆرته‌كه ‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنى پێشنیازەیاساكه خوێندرانه‌وه و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش سه‌رنج و تێبینیی خۆیان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ماده‌ و بڕگه‌كان خسته‌ڕوو و چه‌ندین پێشنیازیشیان به‌مه‌به‌ستی ڕه‌تكردنه‌وه‌ى پێشنیازه‌یاساكه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى ماده و بڕگه‌كانی ڕاپۆرته‌كه خسته‌ به‌رده‌م لێژنه‌ی هاوبه‌ش، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لێژنه‌كه‌وه ڕاپۆرتی ده‌نگدانى له‌سه‌ر ئاماده ‌بكرێت به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ وه‌زیرى ناوخۆى حكوومه‌تی هه‌رێم، ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویستی له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینی و مه‌ترسییه‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر مادده‌ و بڕگه‌كانی پێشنیازه‌یاساكه‌ خسته‌ڕوو و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشی دڵنیاكرده‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ست له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى خێزان له‌ تووندوتیژی، كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاماده‌ كراوه‌ و ئه‌وانیش وه‌كو حكوومه‌تی هه‌رێم پشتیوانیی لێده‌كه‌ن، له‌ ئه‌نجامی بوونی كه‌موكوڕی بووه‌ له‌و یاسابه‌ركارانه‌ی كه‌ هه‌ن، هه‌روه‌ها بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ و پاراستنی شیرازه‌ی خێزانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و وه‌كو حكوومه‌تی هه‌رێمیش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هیچ مادده‌ و بڕگه‌یه‌كی ئه‌و پێشنیازه‌یاسایه‌دا نین كه‌ دژ بنه‌ما شه‌رعییه‌كانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت.
پێشنیازه‌یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزان و ئافرەت، له‌ (١٤) مادده‌ و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێكهاتووه‌، مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنیشی بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌یه‌ كه‌ له‌میانى جێبه‌جێكردنی یاسای به‌ره‌نگاربوونوه‌ى خێزان له‌ تووندوتیژی، ژماره‌ (٨)ى ساڵی ٢٠١١ هاتۆته‌ ئاراوه‌.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌و دانیشتنه‌ هێنا كه‌ نزیكه‌ی ١٠ سه‌عاتی خایاند و ڕایگه‌یاند: "سبه‌ی سەعات ١١ى پێشنیوه‌ڕۆ درێژه‌ به‌دانیشتنه‌كانمان ده‌ده‌ین".