Skip to the content
Menu

خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ ناوونیشان و مادده‌ی یه‌كه‌مى پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركاری كرا

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه ٢٠٢٢/٩/٢٢، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د.هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (٣)ى ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشووى به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت خوێنده‌وه.
به‌پێی بڕگه‌ى یه‌كه‌می تاكه‌ خاڵی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان-عێراق، كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و د. ڤالا فه‌رید، وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان، ئاماده‌یبوون، ڕاپۆرتی لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستی، كه ‌له‌لایه‌ن لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه ڕاستاندنی بۆ كرابوو، به‌ده‌نگی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كرایه بنه‌ما بۆ گفتوگۆكردن، به‌مجۆره‌ له‌لایه‌ن ‌لێژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌، ‌ناوونیشان و مادده‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو زاراوه‌ و پێناسه‌كان خوێندرانه‌وه و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى بڕگه‌كانی ئه‌و ماده‌یه كه‌ چل و هه‌شت بڕگه‌ بوو خرایه‌ به‌رده‌م لێژنه‌ی هاوبه‌ش، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لێژنه‌كه‌وه له‌كاتی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتی ده‌نگدان ڕه‌چاوی ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان بكرێت.
له‌لایه‌ن وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ و لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینی و پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان خرایه‌ ڕوو.
پڕۆژه‌یاسای پەروەردە و فێركاری لە (١٨١) مادده‌ و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێكهاتووه‌ و مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنیشی بۆ ڕێكخستنی بواره‌ جیاوازه‌كانی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌های سه‌رده‌میانه‌ و بۆ بنیادی تاكێكی خوێنده‌وار و هۆشیار و دیموكراسیخواز و داهێنه‌ر و به‌هادارى كوردستانی و مرۆڤدۆست، هه‌روه‌ها بۆ گه‌شه‌پێكردنی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، تا ببێته‌ مایه‌ی به‌ره‌وپێشبردنی تواناكان و خۆشگوزه‌رانیی تاك و كۆمه‌ڵ و به‌هێزكردنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یى و نیشتیمانی و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كلتوورى گه‌لی كوردستان.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا.