Skip to the content
Menu

خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ ١٢ مادده‌ى تر له‌ پڕۆژه‌یاسای پەروەردە و فێركاری كرا

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٠٢٢/٩/٢٧، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (٤)ی ئاسایی خولی پایزه‌ى ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌. پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشووی به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت خوێنده‌وه.
به‌پێی تاكه‌خاڵی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، كه‌ بریتی بوو له‌ بەردەوامبوون لەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی د. ڤالا فه‌رید، وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان و د. سه‌یوان عه‌لی، بریكارى وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ڕێوه‌چوو، له‌لایه‌ن لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ مادده‌كانی (دووه‌م، سێیه‌م، چواره‌م)ى پڕۆژه‌یاساكه‌ كرا، كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ (بنچینه‌ فه‌لسه‌فی و بنه‌ما گشتییه‌كانی په‌روه‌رده‌ و فێركردن، ئامانجه‌ گشتی و هاوبه‌شه‌كانی په‌روه‌رده‌ و فێركردن) كران و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى ئه‌و ماددانه خرایه‌ به‌رده‌م لێژنه‌ی هاوبه‌ش، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لێژنه‌كه‌وه له‌ كاتی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتی ده‌نگدان ڕه‌چاو بكرێن و جێگه‌یان بكرێته‌وه‌.
سه‌عات ٢:٣٠ى پاشنیوه‌ڕۆ به‌شی دووه‌می دانیشتنه‌كه‌، كه‌ به‌ئاماده‌بوونى ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ و د. سه‌یوان عه‌لی، بریكارى وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ڕێوه‌چوو، ئاماده‌یبوون، له‌لایه‌ن لێژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌ مادده‌كانی (پێنجه‌م، شه‌شه‌م، حه‌فته‌م، هه‌شته‌م، ده‌یه‌م، یازده‌یه‌م، دوازده‌یه‌م، سێزده‌یه‌م، چوارده‌یه‌م)، كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ (دامه‌زراوه‌ حكوومییه‌كان، ئامانجه‌ تایبه‌تییه‌كانی باخچه‌ی مندڵان و خوێندنی بنه‌ڕه‌تی و بنه‌ماكانی و ئامانجه‌كانى، خوێندنی پابه‌ندكراو، بازنه‌كانی خوێندنی بنه‌ڕه‌تی، خوێندنی ئاماده‌یی و بنه‌ماكانی)، جگه‌ له‌ مادده‌ی نۆیه‌م كه‌له‌لایه‌ن لێژنه‌كه‌ لادرابوو، خوێندنه‌وه‌ى دووه‌میان بۆ كرا و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش سه‌رنج و تێبینیی خۆیان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و ماددانه‌ و بڕگه‌كانیان خسته‌ڕوو و چه‌ندین پێشنیازیشیان به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاساكه‌ خسته‌ به‌رده‌م لێژنه‌ی هاوبه‌ش، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لێژنه‌كه‌وه ڕاپۆرتی ده‌نگدانى له‌سه‌ر ئاماده ‌بكرێت به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان.
له‌لایه‌ن وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندیشه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینی و پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه‌ و بڕگه‌كانیان خرایه‌ ڕوو.
به‌مجۆره‌ د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌شی كۆتایی دانیشتنه‌كه‌ی ده‌كرد، كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا و ڕایگه‌یاند: "سبەی سەعات ١٠ی به‌یانی درێژه‌ به‌دانیشتنه‌كانمان ده‌ده‌ین".