Skip to the content
Menu

لێژنەی کاروباری پێشمەرگە چەند پرسێک تاووتوێ دەکات

بەمەبەستی تاووتوێکردن و بەدواداچوون بۆ چەند پرسێک و دانانی بەرنامەی کاری لێژنەکە بۆ ئەم وەرزەی یاسادانان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٣/٤/١٨، لێژنەی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرپەرشتیى ڕێڤینگ ھرۆری، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگرى سەرۆکى لێژنە و بڕیاردەر و ئەندامانی لێژنەکە، کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خوێندنەوەی ئەو ڕاپۆرت و نووسراوانەی ئاراستەی لێژنەکە کرابوون، دوای گفتوگۆکردنیان وەڵامی پێویستیان درایه‌وه‌.
پاشان لەلایەن سەرۆکی لێژنەكه‌وە، کورتەیەک سەبارەت بە کار و چالاکییه‌كانی لێژنەکە لە ماوەی ڕابردوو خرایه‌ڕوو.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دانانى بەرنامەی کاری لێژنەكه‌ بۆ وەرزی نوێی یاسادانان تاووتوێ کرا، کە خۆی لە بەدواداچوونە بەردەوامەکانی لێژنەكه‌ بۆ کێشە و گرفتەکانی ھێزەکانی پێشمەرگە ده‌بینێته‌وه‌، ئەندامانی لێژنەكه‌ ڕاو سەرنجی خۆیان لەو بارەیه‌وە خستەڕوو و بڕیار درا بەمزووانە سەردانی ھەردوو فرقەی یەک و دووی پیادەی پێشمەرگە بکرێت کە لە ماوەی ڕابردوو دا لە پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەکخرابوون.