Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان بەدواداچوون بۆ کوالیتیی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەکات

به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ كوالیتیی پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ست به‌ كاری لێژنه‌كه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٣/٢/١٥، لێژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان، به‌سه‌رپه‌رشتیی به‌هجه‌ت عه‌لی، جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌ر و ئه‌ندامانى و ڕاوێژكارانی لێژنه‌كه‌، كۆبووه‌وه‌>
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کرا لەسەر کوالێتیی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و شوقه‌كانی نیشتەجێبوون، لێژنە بڕیاری دا بەدواداچوونی مەیدانی بکات بۆئەوەى دڵنیا بێت کە مەرجی سەلامەتییان تێدا ڕِەچاو کراوە، بەتایبەت لەکاتی ڕوودانی بوومەلەرزەدا، ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە هەفتەی ڕابردوودا به‌هۆى ڕوودانی بوومه‌له‌زه‌وه‌ لە وڵاتی تورکیا و سوریا ژمارەیەکی زۆری باڵەخانە تووشی داڕمان بوون و هەزاران کەسی تیدا بووه‌ قوربانی. لێَژنە بڕیاری دا ڕاپۆرتێکی گشتگیر و پڕ زانیاری له‌وباره‌یه‌وه‌ ئامادە بکات و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکات.
لە بەشی دووەمی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سه‌رجه‌م ئه‌و نووسراو و یاداشتانەی ئاراسته‌ی لێَژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌، ئه‌ندامان ڕاو سه‌رنجی خۆیان له‌سه‌ر نووسراوه‌كان خسته‌ڕوو و ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵام درانه‌وه‌ و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداركران به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون.