Skip to the content
Menu

ئوردن.. لێژنەی دارایی بەشداری لە چەند وێرکشۆپێکی تایبەت بە بواری دانانی پلانێکی ستراتیژیی دارایی دەکات

ڕۆژانی ٢١ -٢٢-٢٣ی ٢٠٢٣⁄٢، لێژنەی دارایی و کاروباری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان، لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەشداریى لە خولێکی تایبەت بە بواری دانانی پلانێکی ستراتیژیی دارایی كرد.
خولەکە کە لێژنەی داراییی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵیش ئامادەیبوو، چەند وێرکشۆپێکی لەخۆگرتبوو، له‌وانه‌ (وێرکشۆپی تایبەت بە پەیوەندیی نێوان پەرلەمان و دیوانی چاودێریی دارایی، وێرکشۆپی تایبەت بە پەرەپێدانی چوارچێوەیەکی ڕێنمایی بۆ چاکسازی لە یاسای بەڕێوەبردنی داراییی عێراق، ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩، وێرکشۆپی پەیوەست بە گفتوگۆکردن لەسەر ڕەشنووسی یاسای بودجەی ساڵانەی ساڵی ٢٠٢٣. وێرکشۆپی پەیوەست بە ئامادەکردنی پلانی کارکردنی ستراتیژی).
خولەکە کە لەلایەن بانکی دەولی (word bank) بە هاوکاریی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان و فەرمانگەی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی فیدڕاڵ ڕێکخرابوو، تێیدا د. حەسەن عورفی، ڕاوێژکار و شارەزا کە لەلایەن بانکی دەولی ڕاسپێردرابوو بۆ ئامادەکردنی بابەتەکان، لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا بەچڕی بابەتەکانی بۆ بەشداربووان خستەڕوو. دوای گفتوگۆی بەشداربووان سەبارەت بەهەریەک لەو ناوونیشانانەی لەسەرەوە باسکران، ئەو کەموکوڕییانەی لە یاساکاندا هەیە دیاریکران و چەند بنەمایەکیشیان داڕشت وەک ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنیان. هەروەها پێداچوونەوەیەکیش بەو ڕێکخستنە کارگێڕییانە کرا کە پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمان و دامەزراوەکانی دارایی لە وڵاتدا ڕێکدەخەن.
سەبارەت بە گرنگیی خولەکە، زیاد جەبار، سەرۆکی لێژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی پەرلەمانی ڕاگەیاند: "بەشداریکردنمان لە خولیکی له‌مجۆره‌ كه‌ ١٠ ڕۆژ ده‌خایه‌نێت لە عەممانی پایتەختی ئوردن کە لەلایەن بانکی دەولی بە هاوکاریی سەنتەی توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان و فەرمانگەی داراییی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی فیدڕالی ڕێکخراوە، خولیکی چڕوپڕ و پڕ لە زانیارییە سەبارەت بە دانانی پلانی ستراتیژیی دارایی کە تێیدا هەردوو لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان و لێژنەی دارایی و ئابووریی ئەنجوومەنی نوینەرانی فیدڕاڵی بەشداریمان کرد، بریتی بوو لە چەند وێرکشۆپێك كه‌ تایبەت بوون بە چەندین بابەتی گرنگ لە بواری چاکسازی لە یاسای بەڕێوەبردنی داراییی وڵات و بودجه‌ کە سوودی زۆرمان لێبینی بە وەرگرتنی چەندین زانیاریی نوێ".
هەر سەبارەت بە خولەکە د. ئەرشەد تەها، ڕاوێژکاری لێژنەی دارایی لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی پەرلەمان ڕایگەیاند: "لەسەر بنەمای ئەوەی چاکسازی لە حوکمڕانی و چاکسازی لە ئابووری، چاکسازی لە دارایی گشتییەوە دەستپێدەکات و چاکسازی لە داراییی گشتیش پێویستیی بە هەموارکردنەوە و دووبارە داڕشتنەوەی یاسا داراییەکان و دامەزراوە داراییەکانە، لەبەرئەوە ناتوانین چاکسازی لە داراییی گشتی بکەین بەبێ چاکسازی لە هەردوو یاسای ئیدارەی داراییی گشتی وڵات و یاساکانی بودجەی گشتی. بێگومان چاکسازی لە یاساکانیش بەبێ چاکسازی و کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی چاودێریی دارایی سوودی نابێت".
لەسەر ئەو بنەمایە بانکی نێودەوڵەتی پڕۆگرامێکی تایبەتیی هەیە و قۆناغ بە قۆناغ هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێتەوە بۆئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار لەسەر هەنگاوی داهاتوویان بدەن.