Skip to the content
Menu

لەندەن.. شاندی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکانی پەرلەمانی کوردستان سەردانی شارەداری شارەوانیی لامبێس-ی کرد

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتی بەریتانیا، دوێنێ سێشەممە ٢٠٢٣/٢/٢١، شانده‌كه‌ى لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە یاوەریی بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا، سەردانی شارەداری شارەوانیی لامبێس-ى کرد لە شاری لەندەن و لەلایەن سەرباز بەرزنجی، جێگری شارەداری شارەوانیی لامبێس کە کورده‌ و لە بنەچەدا خەڵکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین-ە، پێشوازیی لێکرا.
لە دیدارێكدا، سه‌رۆك و ئەندامانی شاندی پەرلەمانی کوردستان، وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ سەرباز بەرزنجی، به‌بۆنه‌ی دەستبەکاربوونی وەک جێگری شارەداری شارەوانیی لامبێس، کورتەیەکیان سەبارەت بە شێواز و کاری ئەنجوومەنە خۆجێیەکان لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد و دواتر پرسیاری وردەکاریی چۆنیەتیی کارکردن و سیستەمی بەڕێوەبردنی حکوومەتی خۆجێیی سنووری ئەم شارەوانییەیان کرد. لە وەڵامدا جێگری شارەداری شارەوانیی لامبێس، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم سەردانەی شاندی لێژنه‌كه‌ی پەرلەمانی کوردستان، بە وردی باسی لە شێواز و سیستەمی کاری حکوومەتە خۆجێیەکان لە وڵاتی بەریتانیا بە گشتی و لە سنووری شارەداری لامبێس بەتایبەتی کرد. هه‌روه‌ك تیشكی خسته‌سه‌ر شێواز و سیستەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنە خۆجێیەکان.
لە کۆتایی دیداره‌كه‌شدا، هەردوولا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دروستبوونی ئەم پەیوەندییە، هیوایان خواست لە داهاتوودا ئەم پەیوەندییانە زیاتر پەرەیان پێبدرێ.