Skip to the content
Menu

لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی تاووتوێی چەند پرسێک دەکات

بەمەبەستی تاووتوێکردن و بەدواداچوون بۆ چەند پرسێک و دانانی بەرنامەی کاری لێژنەکە بۆ وەرزی نوێی یاسادانان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٣/٢/٢٠، لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرپەرشتیى د، ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی ئەندامانی و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە، لەلایەن سەرۆکی لێژنەكه‌وە کورتەیەک سەبارەت بە کار و چالاکییه‌كانی لێژنەکە لەماوەی ڕابردوودا خرایه‌ ڕوو.
دواتر گفتوگۆ لەبارەی بەرنامەی کاری لێژنەكه‌ بۆ وەرزی نوێی یاسادانان کرا، کە خۆی لە بەدواداچوونە بەردەوامەکانی لێژنەكه‌ بۆ کێشە و گرفتی ڕەوەندی کوردی و بەھاناوەچوونی پرسی کۆچبەرە ونبووەکان ده‌بینیه‌وه‌، بەتایبەتی ئەوانەی تائێستا بێسەروشوێنن و چارەنووسیان بەنادیاری ماوەته‌وه‌. ھەروەھا سەردانی لێژنەکە بۆ کونسوڵخانەکان و نوێنەراتیی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان و بەدواداچوون بۆ کاری نوێنەراتییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێم.
هه‌ر له‌ کۆبوونەوەكه‌دا، باس لە گرنگی و ھەماھەنگی و پەیوەندیی نێوان لێژنەی پەیوەندییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لێژنەکەی پەرلەمانی کوردستان کرا، بۆ ئەو مەبەستەش بە پێویست زانرا بۆ دروستکردنی ئەو ھەماھەنگییە ئەو پرسەش ببێتە ئەجێندای کاری داھاتووی لێژنەكه‌.