Skip to the content
Menu

لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی پێشوازیی لە شاندێکی پەرلەمانی نەمسا کرد

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٣/٢/٩، لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بە سەرپەرشتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی ژیان تاھر و محه‌مه‌د ئێلیخان، ئەندامانی لێژنەكه‌ و ڕاوێژکاری لێژنەكه‌، پێشوازیى لە شاندێکی پەرلەمانی نەمسا کرد، کە پێکھاتبوو لە د. ئێوا ئێرنست، وتەبێژی پارتی سەوزی نەمسا و جێگری سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی نەمسا، د. تۆماس، مامۆستای زانکۆی کوردستان، د. ئەندریا ناسی، ھەڵسوڕێنەری کاروباری سیاسی لە کونسوڵخانەی نەمسا لە عێراق.
لە دیدارێکدا، سەرەتا لەلایەن سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانه‌وه‌، سوپاس و ستایشی ڕۆڵی وڵاتی نەمسا کرا لە بەرامبەر پێشکەشکردنی ھاوکارییەکانی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی به‌ داعشدا، ھەروەھا تیشکی خستەسەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی نەمسا و گەلی کوردستان، کە مێژوویەکی دێرینی ھەیە و جێگه‌ی بایەخ و گرنگیپێدانە.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، داوا کرا بەمەبه‌ستی زیاتر بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە پێویستە ھەوڵبدرێت گرووپێکی ھەڤاڵبەندی له‌نێوان پەرلەمانی ھەردوو وڵات دروست بکرێت و وڵاتی نەمسا کونسوڵخانەی خۆى لە ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
تەوەرێکی دیكه‌ی دیدارەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر دوخی ئێستای ناوچەکە بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی و پرۆسەی ئەنجامدانی ھەڵبژرادنی پەرلەمانی کوردستان، لەو چارچێوەیەدا سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی کوردستان داوای کرد کە ئەوانیش ھاوکار و پاڵپشت بن بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژرادنێکی شەفاف و دیموکراسی لە ھەرێمی کوردستاندا.
لای خۆیانه‌وه‌ شاندی پەرلەمانی وڵاتی نەمسا، خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانەکەیان بۆ پەرلەمانی کوردستان و پێشوازیكردنیان له‌لایه‌ن لێژنەی پەیوەندییەکانه‌وه‌ دەربڕی و ئامادەیی وڵاته‌كه‌شیان بۆ ھەر ھەوڵێک و ھاوکارییه‌ک نیشاندا و جەختیشیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا کرده‌وه‌.