Skip to the content
Menu

به‌سه‌رپه‌رشتیى سه‌رۆكى په‌رله‌مان دووەم کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری بۆ بیرۆکەی پێشنیازەیاسای گووتاری ڕق و کینە بەڕێوەچوو

بەمەبەستی وەرگرتنی ديد و بۆچوونی ڕێکخراوەکان و کەسانی تایبەتمەند و ئەکادیمی و پەیوەندیدار بە بیرۆکەی پێشنیازەیاسای گووتاری ڕق و کینە، سەرلەبەیانیی ئه‌مڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٣/٢/٢٦، به‌سه‌رپه‌رشتیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان، دووه‌م كۆبوونەوەی ڕاوێژکاری سەبارەت بە بیرۆکەی ئەم پێشنیازەیاسایە بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، كه‌ سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان، بەرپرسی مافەکانی مرۆڤ لە یۆنامی، سەرۆکی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ لە یۆنامی، نوێنەری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و نوێنەرانی بەشێک لە زانکۆ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی لێژنەی كاروبارى یاسایی و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی پەرلەمان ئامادەیبوون، بیرۆکەی پێشنیازەیاساکە و پێناسەی چەمکی گووتاری ڕق و کینە، کاریگەریی نەرێنیی ئه‌م گووتاره‌ لە بواری کۆمەڵایەتی و ئاینی و فەرهەنگی، کاریگەریی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا، هۆکارەکان و چۆنیەتیی ڕێگەگرتن لە بڵاوکردنەوەی ئەمجۆرە گووتارانە بەدیدی هەمەلایەنەوە گفتوگۆ کران.
د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "تەنیا تاڵەموویەک لەنێوان ئازادیی ڕادەربڕین و گووتاری ڕق و کینە هەیە، بۆیە هەرچەندە جیاوازی هەبێت لە بیروڕای سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتی، نابێت سەربکێشێت بۆ ئاراستەکردنی گووتاری ڕِق و کینە، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی". هەروەها ڕایگەیاند: "پەرلەمانی کوردستان بەهەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەم بیرۆکەیە دەکات و لە داهاتوودا زۆرترین ڕاوێژی لەبارەوە دەکەین، بۆیە دەمانەوێت ڕا و سەرنجتان سەبارەت بە زەروورەتی بوونی یاسایەک لەوبارەیەوە بزانین".
دواتر ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بە وردی سەرنج و تێڕوانینەکانی خۆیان سەبارەت بە بیرۆکەی پێشبیازەیاساکە خستەڕوو.