Skip to the content
Menu

شاندێکی لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی سەردانی کونسوڵخانەی ئەڵمانیا ده‌كات

بەمەبەستی گەیاندنی سوپاس و پێزانینی لێژنەكه‌ بە گەل و پەرلەمانی ئەڵمانیا بەرامبەر بڕیارى به‌ جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش دژ بە کوردانی ئێزدی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٣/٢/١٣، شاندێکی لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرۆکایەتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنە و ئەندامیەتیی محه‌مه‌د ئێلیخان، ئەندامی لێژنە و ڤیان یوسف ئیلیا، ڕاوێژکاری لێژنەکە، سەردانی کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیاى لە هەولێر کرد و لەلایەن کلاوس شتێرایشەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا پێشوازیى لێکرا.
لە دیدارێکدا، سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکان، بەناوی لێژنەکەیانه‌وه‌ سوپاس و پێزانین و دەستخۆشیی لە پەرلەمان و حکوومەتی ئەڵمانیا کرد بەرامبەر به‌ بڕیاری به‌ جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژ بە کوردانی ئێزدی له‌ په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌یاندا و ئەو بڕیار و ھەڵوێستە مێژووییەی پەرلەمانی ولاته‌كه‌ی بەرزنرخاند، ھەروەھا ستایشی ڕۆڵی دۆستانەی سەرجەم فراکسێۆنەکانى کرد کە بە کۆی دەنگ ئەو بڕیارەیان پەسەند کرد.
لە بەشێکی دیكه‌ی دیدارەکەدا، سەرۆکی لێژنەكه‌ی په‌رله‌مان تیشکی خستەسەر ھاوکارییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا، كه‌ ڕۆڵێکی کاریگەرى ھەبووه‌ لە پاراستنی ھەرێم لە ھێرش و پەلامارەکانی داعش و ھاوپشت و ھاوکاری ھەرێمی کوردستان بووە.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، گفتوگۆ لەبارەی ڕێکكەوتنی شنگال و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێکكەوتنەکە کرا کە لەنێوان حکوومەتی ھەرێم و ناوەند ئیمزا کراوە.
لای خۆیەوە، کلاوس شتێرایشەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان، وێڕِای دەربڕینی خۆشحاڵی و سوپاسگوزاریی خۆى بە سەردانەکەی لێژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمان و گەیاندنی سوپاسگوزارییان، جەختی له‌وه‌ کردەوە کە ئەوان بە بایه‌خەوە دەڕواننە هەرێمی کوردستان و بەردەوام دەبن لە هاوکاری و هەماهەنگییەکانیان لە هەموو بوارێکدا.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، جه‌خت له‌سه‌ر پەرەپێدانی زیاترى پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا كرایه‌وه‌.