Skip to the content
Menu

لێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری تاووتوێى كێشە و گرفتەكانی زەوی و زارى جووتیاران دەكات

بەمەبەستی تاووتوێكردن و چۆنیەتیی چارەسەركردنی كێشەی زەوی و زارى جووتیاران، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٣/١/١٠، لێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری، بەسەرپەرشتیی شوان زرار، جێگری سەرۆكی لێژنه‌ و ئامادەبوونی بڕیارده‌ر و ئەندامان و ڕاوێژكارانى لێژنەكە كۆبووه‌وە.
لە تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكه‌دا لەگەڵ جووتیاری دەڤەری چۆمان كەمال حوسێن تەها، تاووتوێی كێشەی زەوی و زار و چەسپاندنی سنوور لە گوندی مەمی خەڵان كرا. پاشان گفتوگۆ لەسەر كێشەكانی كووژاندنەوەی زەوی لە گوندی گردجووتیار و كەڕك كرا، لێژنەكە بەپێویستی دەزانێ ئەو كێشەیە لایەنی پەیوەندیدار چارەسەری بكات.
لە بەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەسەر كێشەی چەند جووتیارێك لە پارێزگای دهۆك كرا، كە بە فەرمی مۆڵەتی بیرلێدانیان هەیە، بەڵام پارێزگای دهۆك ڕایگرتووە.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، تاووتوێی دانانی باج لەسەر ئەو زەوییانەی كە كارتن و تاوەكو ئێستا تاپۆ نەكراون كرا، هاووڵاتییان داوا دەكەن لەئێستادا تاپۆ نەكرێت و باجیان لێوەرنەگیرێت.