Skip to the content
Menu

لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان ئه‌نجامى سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ به‌غدا تاووتوێ دەکات

بەمەبەستی گفتوگۆکردن و تاووتوێکردنی ئه‌نجامى سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ به‌غدا و چەند پرسێکی دیكه‌ی گرنگی پەیوەست بە کاری لێژنەکە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٣/١/٢٥، لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان، بەسەرپەرشتیی شاخەوان ڕەئوف بەگ، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لێژنە و بڕیاردەر و ئەندامانی و ڕاوێژکارانی لێژنەكه‌ کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بۆ خوێندنەوە و وەڵامدانەوەی ئەو نووسراو و ڕاپۆرتانە تەرخان کرا کە ئاراستەی لێژنەکە کرابوون، دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوەی ئەندامان لەباره‌یانه‌وه‌، ئەوانەى پێویستییان بە وەڵامدانەوە هه‌بوو وەڵام درانه‌وه‌، ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کار پێویست.
پاشان لەلایەن سەرۆکی لێژنەکەوه‌ تیشک خرایەسەر ئەنجامی سەردانی شاندی لێژنەكه‌ بۆ بەغدا و ئەو پرسانەی کە لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ ھەریەک لە سەرۆک کۆمارى عێراق، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەران، سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا و سه‌رۆك و جێگری دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار، گفتوگۆیان لەبارەوە کرابوو.
دواتر ئەندامانی لێژنەکە ڕا و سەرنجی خۆیان خسته‌ڕوو و بڕیار درا دەرئەنجامی سەردانەکەیان بە ڕاپۆرتێك ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت.
دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، لێژنه‌كه‌ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان و ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.