Skip to the content
Menu

بەیاننامەی لێژنەی کاروباری شەهیدان لە ساڵوەگەری کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا

‎٣٥ ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس دوای ‎بێئومێدبوونی لەوەی ئیرادەی گەلەکەمان ‎لە خەبات و تێکۆشان لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانیدا بشکێنێ، لە تاوانێکی دڕندانەی بێوێنەدا وەک بەشێک لە پلانی جینۆسایدکردنی گەلەکەمان لە ڕۆژی ١٦-٣-١٩٨٨دا دەستی برد بۆ بەکارهێنانی مەترسیدارترین چەکی کۆمەڵکوژی کیمیاوی دژ بە خەڵکی سڤیلی شاری هەڵەبجە، کە بووەهۆی شەهیدکردنی زیاتر لە پێنج هەزار کەس و برینداربوون , دەربەدەرکردن و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەلکی هەڵەبجە.
‎بەداخەوە ئەم تاوانە گەورەیە بەبەرچاو و بێدەنگیی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی ئەنجام درا، بەڵام هێندەی نەبرد کە ویژدانی مرۆڤایەتیی هەژاند و بووە سیمبولی مەترسیداریی چەکی کیمیاوی و ناسنامەی چەوساوەیی گەلی کوردستان و دڕندەیی سەدام حوسێن و ڕژێمە داپڵۆسێنەرەکەی، بەشێوەیەک وەک لە تاوانەکانی دواتریدا دەرکەو کە دوژمنی سەرجەم مرۆڤایەتییە.
‎ئەمڕۆ کە یادی ئەم مەرگەساتە دەکەینەوە، سەرەڕای ئەوەی کە حکوومەتی عێراقی بڕیاری داوە هەڵەبجە وەک پارێزگای نۆزدەهەمی عێراق بناسێنێت، دوای ئەوەی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان کردیانە پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان، بەڵام ساڕێژکردنی برین و ئازارەکانی گەلی کورد و دانیشتوانی هەڵەبجە زۆر قووڵتر و فراوانترن لەوەی ئەو هەنگاوە بەس بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانە ماددی و مەعنەوییەکانی.
‎بۆیە داوا لە حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین لەبەر ڕۆشنایی دەستووری عێراقدا لە بودجەی ئەمساڵی عێراقدا بەشێکی تایبەت بۆ قەرەبووی قوربانییانی ئەم شارە و ئاوەدانکردنەوەی تەرخان بکەن، تا بتوانن بەسەر بەشێک لە نەهامەتی و کێشەکانیاندا زاڵ بن.
‎بەهەمان شێوە داوا لە حکوومەتی هەرێمیش دەکەین بایەخی بەردەوام بە شارەکە بدات و تواناکانی زیاتر بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی.
‎لە کۆتاییدا دروود بۆ ڕۆحی بەرزەفڕی شەهیدانی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و تەواوی شەهیدانی ڕێگه‌ی ڕزگاریی کوردستان.
‎لێژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢٣/٣/١٦