Skip to the content
Menu

لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن لێژنەی دارایی و لێژنەی وەبەرهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردن و پێشوازیان لێکرا

لەمیانی سەردانی وەفدێکی پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی پەرلەمانتار زیاد جەبار سەرۆکی لێژنەی دارایی و کاروباری ئابووری پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردن ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٣/٣/١ لەگەڵ سەرۆکی لێژنەیی دارایی و ئەندامانی لێژنەکە و سەرۆکی لێژنەی وەبەرهێنانی پەرلەمانی ئوردن چەند پرسێکی گرنگیان تاووتوێ کرد و بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا.

یەکێک لە تەوەرەکان قسەکردن بوو لەسەر یاسای بودجەی ئوردن کە لەلایەن شای ئوردنەوە ڕەزامەندی لەسەر درا، و وردەکاری و ناوەڕۆکی یاساکە و شێوازی دەرچوونی یاسای بودجە لە وڵاتی ئوردن بۆ وەفدەکەی پەرلەمان ڕوونکرایەوە. زیاد جەبار سەرۆکی لێژنەی دارایی و کاروباری ئابووری پەرلەمانی کوردستان پیرۆزبایی لە لێژنەیی دارایی و پەرلەمانی ئوردن کرد بەبۆنەی دەرچوونی یاسای بودجە کە زیاتر لە یازدە ملیار دینارە بۆ ساڵی ٢٠٢٣.

سەرۆکی لێژنەیی دارایی و کاروباری ئابووری پەرلەمانی کوردستان لەدانیشتنەکەدا بەوردی باسی لە شێوازی کارکردنی لێژنەکەیانی لە پەرلەمانی کوردستان کرد، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ و لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق، هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان پەیرەوی دەسەڵاتەکانی خۆی دەکات. سەبارەت بەپرسی بودجەش لەعێراق رایگەیاند: لەئێساتادا لەچاوەڕوانی ئەوەدان لەعێراق یاسای بودجە دەربچێت و ڕێککەوتن لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێت ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدڕاڵی دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی بەرچاو ڕوونیان هەبێت کە بزانن پشکی هەرێمی کوردستان چەندە لە یاسای بودجەدا، لە ڕابردووشدا کە یاسای بودجە لەهەرێمی کوردستان هەبووە پشکی هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە دەستمان و خزمەتگوزاری باش پێشکەش کراوە، بەڵام بە داخەوە لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی عێراق بڕدراو بەهۆیەوە کەرتی خزمەتگوزاری توشی ئاستەنگ بووەتەوە.