Skip to the content
Menu

لێژنەى کۆمەڵایەتى و داکۆکیکردن لەمافى مرۆڤ لەگەڵ جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى سوید کۆ دەبێتەوە

بەمەبەستى کارى پێکەوەیی و وەرگرتنى ئەزموونى وڵاتى سوید، لەسەر بانگهێشتى پەرلەمانى سوید، لە ٢٠٢٣/٢/١٩ لێژنەى کاروبارى کۆمەڵایەتى و داکۆکیکردن لە مافى مرۆڤ لە پەرلەمانى کوردستان، بە سەرۆکایەتى رۆمیۆ هەکارى سەرۆکى لێژنەکە و بەیاوەرى جێگرى سەرۆکى لێژنە و ژمارەیەک لە ئەندامان و ڕاوێژکارانى لێژنە، سەردانى وڵاتى سویدیان کرد، و لەلایەن شۆرش قادر نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشوازییان لێکرا.

رۆژى ٢٠٢٣/٢/٢٠، لێژنەکە لەگەڵ نوێنەرایەتیى حکومەتیى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوە و لە نزیکەوە گوێیان لە کاروچالاکییەکانى نوێنەرایەتییەکە گرت، لەڕووى سیاسى و دبلۆماسى، کارى کۆنسوڵگەرى و پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و سوید لە کارى فەرمى حکومى و پەرلەمانتاریدا. لەم سەردانەدا لێژنەکە، لەگەڵ کێنێت جێ فۆرسلوند جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمانى سوید کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باسى گەشەسەندنەکانى بارودۆخى سیاسى سوید کرا، کە زیاتر پەیوەستە بە ئەوروپاى هاوبەش و هاوپەیمانى ناتۆ و شەڕى نێوان ڕووسیا و ئۆکڕانیا.

پاشان لێژنەکەى پەرلەمانى کوردستان تاووتوێى بارودۆخى رەوەندى کوردستانییان کرد، دواتر گفتوگۆ لەسەر دروستکردنى پەیوەندییەکى بەهێز کرا، بۆ مەبەستى سود وەرگرتن لە ئەزموون و یاساکانى وڵاتى سوید.

جێگەى باسە جێگرى یەکەمى پەرلەمانى سوید دۆستى دۆزى کوردە و بزوێنەرى ئەو بڕیارە بوو کە لە ساڵى ٢٠١٥ وڵاتى سوید هاوکارى و شارەزاییانى سەربازى ڕەوانەى هەرێمى کوردستان کرد، بۆ هێزى پێشمەرگە دژ بە شەڕى تیرۆریستانى داعش. لە درێژەى سەردانەکەدا، لێژنەکە سەردانى دەزگاى چاکسازى سویدى کرد، و لەگەڵ بەرپرسانى بەشى کاروبارى نێودەوڵەتیی و بەرنامەکان کۆبوونەوە، پاشان گفتوگۆ لەسەر چاکسازى و پرۆسەى دادوەرى و کۆمەڵگاى سوید کرا، بەتایبەت کارە تایبەتمەند و هاوبەشەکان کە پەیوەستن بە پڕۆژەکانى ئەو دەزگایە کە لە هەرێمى کوردستان بەردەوامى هەیە و گەشەى پێدەدرێت. هەر لەم سەردانەدا، لێژنەکە سەردانى خانەى دەوڵەتییان کرد، پاشان بەرپرسانى خانەکە پرسى کۆمەڵایەتى و جیاوازییەکان و کارى هاوبەش و پەیوەندییەکانى نێوان دامودەزگا جیاوازە فەرمییە دیموکراتییەکانى وەک پەرلەمان، ئەنجوومەنى شارەوانییەکان و ناوچەیی و هەرێمەکان کرد، دواتر تیشکى خستەسەر ڕەنگدانەوەى ئەم کارانە بە جێکردنەوەیان لە شارەوانییەکانى هەرێمى کوردستاندا.

لە رۆژى ٢٠٢٣/٢/٢٢، لێژنەکە لە تەلارى پەرلەمانى سوید لەگەڵ رێکخراوى سوید کۆبوونەوە، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر گرنگى دروستبوون و کارەکانى پەیوەندى هاوبەشى هەرێمى کوردستان و سوید کرد، پاشان دانانى بەرنامەیەک بۆ ئەوەى لێژنەکەى پەرلەمانى کوردستان لە نزیکەوە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە بکەن لەگەڵ پەرلەمانتارانى سوید لەبارەى زانیارى زیاترى کارى پەرلەمانتارى، دواتر لێژنەکە لەگەڵ جێگرى سەرۆکى لێژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانى سوید و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانى سۆسیال دیموکرات و پارتى چەپ کۆبوونەوە و باس لە کاروبارى ناو پەرلەمان و لێژنەى بیمەى کۆمەڵایەتى و چۆنیەتى کارکردن و پەیوەندییەکانى نێوان حکومەت و پەرلەمان و ڕۆڵى شارەزاییان کرا، لێژنەکەى پەرلەمانى کوردستانیش باسیان لە کاروبارى پەرلەمان کرد و بەراوردى ورد لەسەر لێکچوون و جیاوازییەکان لە نێوان هەرێمى کوردستان و سوید کرا.

هەر هەمان رۆژ ئەندامانى لێژنەى دادوەرى باسیان لە گەشەسەندنەکان لەبوارە جیاوازەکاندا کرد لە سوید، بەتایبەتى بەرزبوونەوەى ئاستى تاوانکارى و دروستبوونى گروپى تاوانکارى لە شێوەى کوشتن و تەقاندنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باسیان لەوە کرد کە هاودەنگن لەگەڵ پارتەکانى ترى نێو پەرلەمان بۆ ڕێگەچارە بەمەبەستى چارەسەرکردن و کەمکردنەوەیان. لێژنەى کاروبارى کۆمەڵایەتى و داکۆکیکردن لە مافى مرۆڤ، سەردانى دوو چاکسازى وڵاتى سویدى کرد، کە بنکەى چاکسازى تاوانکارى بوون، ئەم چاکسازییانە یەکێکیان کراوە بوو، ئەوەى تریش داخراوى کڵاس ٢، مەبەست لەم سەردانەى چاکسازییان بۆ بینینى چۆنیەتى کارکردن و مامەڵەکردنە لەگەڵ زیندانییەکان، لە وڵاتى سوید ٣٣ زیندان و ٤٦ بنکەى چاکسازى تاوان و ٣٢ نووسینگەى تەندروستى هەیە.