Skip to the content
Menu

لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی پێشوازیی لە شاندێکی فیدراسیۆنی نیشتمانيی جەنگاوەرانی دێرینی فەرەنسا کرد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٣⁄٣⁄١٤، لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرپەرشتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی ئەندامانی و ڕاوێژکارانی لێژنەکە، پێشوازیی لە شاندێکی فیدراسیۆنی نیشتمانيی جەنگاوەرانی دێرینی فەرەنسا کرد، کە پێکهاتبوو لە فیلیپ دولارب، سکرتێری گشتیی فیدڕاسیۆن، سیناتۆر لوی دوڤێرنۆ، جەنگاوەری دێرین و پسپۆڕ لە ڕۆشنبیریی پەیوەندییە باڵاکان، جەنەڕاڵ تینۆدۆر ئارفارا، ئەفسەری باڵا و پسپۆڕ لە بوارەکانی ئاسایش.
لە دیدارێکدا، سەرەتا سەرۆکی لێژنە وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندی میوان بۆ لێژنەکە، تیشکی خستەسەر قارەمانییەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای فەرەنسا، كە لە زۆرێك لە بنەما و خەسڵەتدا وەك بوێری و نیشتمانخوازی هاوبەشن. ھەروەھا ئاماژەی بە ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش کرد.
دۆستایەتیی نێوان گەلی کوردستان و گەل و حکوومەتی فەرەنسای بە مێژوویی و دێرین وەسفکرد و بە خستنەڕووی چەندین نموونەی مێژوویی و سەردانی سەرۆک هۆڵاند و سەرۆک ماکرۆن، سوپاسی گەل و دەوڵەتی فەرەنسای کرد کە هەمیشە پاڵپشت و دۆستێکی نزیک و گەورەی گەلی کوردستان بوون، هیواشی خواست ئەو پەیوەندییە زیاتر برەوی پێبدرێت، بەتایبەتی لەسەر ئاستی پەرلەمانی و وڵاتی فەرەنسا لە ھەموو بوارێکەوە ڕۆڵی زیاتر لە هەرێمی کوردستان بگێرێت.
لای خۆیانەوە شاندی فیدڕاسیۆنی نیشتمانیی جەنگاوەرانی دێرینی فەرەنسا، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بەسەردانەکەیان بۆ لێژنەی پەیوەندییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە بایەخەوە باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی فەرەنسا کرد و جەختیان لەسەر بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا کرده‌وه‌.
لە کوتایی دیدارەکەشدا، شاندی فیدراسیۆنی جەنگاوەرانی دێرینی فەرەنسا بە فەرمی بانگھێشتی لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانیی بۆ ڕۆژی ١٧ی٥ بۆ فەرەنسا کرد بۆ بەشداریکردن لە ساڵڕۆژی جەنگاوەرانی دێرین لە وڵاته‌كه‌یاندا.