Skip to the content
Menu

لێژنەی کاروباری پێشمەرگە له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌فسه‌رانی پله‌باڵاى ھێزەکانی زێرەڤانی کۆبووه‌وه‌

بەمەبەستی بەدواداچوون و گفتوگۆکردن لەبارەی کێشە و گرفتەکانی ھێزەکانی زێرەڤانی، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٣/٣/٢٩، لێژنەی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرپەرشتیی ڕێڤینگ ھروری، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لێژنە، بڕیاردەر و ئەندامانى و ڕاوێژکارانی لێژنەکە، لەگەڵ ژماره‌یه‌ك له‌ فەرماندە و ئه‌فسه‌رانی پله‌باڵاى ھێزەکانی زێرەڤانی کۆبووەوە.
لە دیدارێکدا چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە کێشە و گرفتەکانی ھێزەکانی زێرەڤانی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، لەوانە ئەرک و ماف و دەوامی پێشمەرگەکانی زێرەڤانی و ڕێکخستنەوەیان، ئەندامانی لێژنەکە سەرنج و دید و تێڕوانینی خۆیان سەبارەت بەو بابه‌تانه‌ خسته‌ڕوو و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی شاندی میوان کرد.
لای خویانەوە شاندی میوان ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویستییان له‌سه‌ر سه‌رنج و تێڕوانینه‌كانی ئه‌ندامانی لێژنه‌كه‌ خسته‌ڕوو و وەڵامی پرسیاره‌كانیشیان دایەوە.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ھاوکاری و ھەمانگیی زیاتر له‌نیۆانیاندا بەمەبەستی بەدەمەوەچوونی کێشەکانی ھێزەکانی زێرەڤانی و ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان.
شاندی ھێزەکانی زێرەڤانی پێکھاتبوو لە لیوا ھێرش ئاغا، لیوا غازی بابکەیی، عه‌مید سه‌یوان ئه‌حمه‌د، عه‌مید کامیران ھەورامی، عه‌میدی مافپەروەر عه‌لی کەلاری و عه‌قید عه‌بدولعه‌ظیم.