Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدان ڕاپۆرتی پێشنیازەیاسای ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شەهید ئامادە دەکات

بەمەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی پێشنیازەیاسای ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شەهید لە هەرێمی کوردستان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/٣/٢٧، لێژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی، بەسەرپەرشتیی سوسن محەمەد میرخان، سەرۆکی لێژنه‌ و ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیاردەر و ژمارەیەک له‌ ئەندامانى و ڕاوێژکارانى لێژنەکە کۆبووەوه‌.
لە کۆبوونەوەكەدا، لێژنە تەواوی سەرنج و پێشنیاز و تێبینییەکانی سه‌باره‌ت به‌ پێشنیازەیاسای ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شەهید لە هەرێمی کوردستان، لە ڕاپۆرتێکدا ئامادەکرد و بڕیارە سبەی سێشەممە ڕاپۆرتەکە بخرێتە بەردەم دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان.
هەر ئەمڕۆ لێژنەکە به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌ ئەنجامدانی کۆنفڕانسێکی تایبەت بە جینۆسایدی کوردانی فەیلی، له‌گه‌ڵ د. عەبدولڕەحمان کەریم دەروێش، ڕێكخه‌رى كۆنفڕانسه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌ بۆ خستنه‌ڕووی ڕا و سەرنج و پێشنیازی لێژنەکه‌ له‌باره‌ی كۆنفڕانسه‌كه‌ و بەشداریکردن و بانگهێشتکردنی ئەو کەسانەی كه‌ پەیوەستن بەم کەیسەوە و ھەروەھا پسپۆڕانی بوارەکە بۆ دەوڵەمەندکردنی زیاترى کۆنفڕانسەکە.