Skip to the content
Menu

لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی تاووتوێی چەند پرسێک دەکات

بەمەبەستی تاووتوێکردن و بەدواداچوون بۆ چەند پرسێک و دانانی بەرنامەی کاری لێژنەکە بۆ وەرزی کۆتایی یاسادانانی پەرلەمان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٣/٥/١٠، لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، بەسەرپەرشتیی د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئەندامانى و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە سه‌رۆکی لێژنە کورتەیەکى سەبارەت بە کار و چالاکییه‌كانی لێژنەكه‌ لە ماوەی ڕابردوودا خستەروو. دواتر گفتوگۆ لەبارەی بەرنامەی کاری لێژنەكه‌ بۆ وەرزی کۆتایی یاسادانان کرا، کە بریتی بوو لە بەدواداچوونە بەردەوامەکانی لێژنەكه‌ بۆ کێشە و گرفتی ڕەوەندی کوردی و بەھاناوەچوونی پرسی کۆچبەرە ونبووەکان، بەتایبەتی لە بەردەوامبوونی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی کاری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێم لەسەر ئەم پرسانە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ئەو ڕاپۆرت و نووسراوانەی ئاراستەی لێژنەکە کرابوون خوێندنەوەیان بۆ کرا و دوای گفتوگۆکردن و ڕاگۆرینەوە، وەڵامی پێویستیان درایه‌وه‌.