Skip to the content
Menu

لێژنەی تەندروستی لەگەڵ بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و نوێنەرانی چەند وەزارەتێکی حکوومەتی هەرێم كۆبووه‌وه‌

بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتتنی مەترسییەکانی په‌لامار و هێرشی سەگی بێلانە بۆ سەر هاووڵاتییان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٣/٥/١٥، لێژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر، بەسەرپەرشتیی د. سەباح زێباری، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئەندامانى، پێشوازیی لە کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستی و شارەوانی، کرد.
له‌ کۆبوونەوەیه‌کدا، سه‌ره‌تا سەرۆکی لێژنەی تەندروستی وێڕِای بەخێرهێنانی شاندە حکوومییەکە، باسی لە مەترسییەکانی دیاردەی زیادبوونى هێرش و پەلاماردانی سەگی بێلانە بۆ سه‌ر هاووڵاتییان کرد و دووپاتی کردووە کە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار به‌ زووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، بۆئەوەی چیتر هاووڵاتییان بەگشتی و مناڵان بەتایبەتی نەبنە قوربانی و لەلایەن سەگی کۆڵانەکانەوە پولامار نه‌درێن.
دواتر بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە لە سنووری پارێزگاری سلێمانی و دهۆک شوێنێکی تایبەت لە دەرەوەی سەنتەری شار دروست کراوە و سەگەکانی تێدا کۆکراوەتەوە، بۆیە مەترسی بۆ سەر هاووڵاتییان کەم کراوەتەوە. ئاماژەیان بەوەش کرد کە بۆ سنووری پارێزگای هەولێریش بڕیاری دروستکردنی شوێنێکی تایبەت دراوە بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانه‌کان.
دواتر نوێنەری وەزارەتی تەندروستی ئاماری پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ی پارێزگای هەولێری خستەڕوو، کە له‌و ماوەیەدا زیاتر له‌ ٥٠٠ کەس بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە برینداربوون و سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنیان کردووە و حاڵەتی گیانلەدەستدانیشی تێدا بووە.
دوای ڕاوێژ و گفتوگۆی ئامادەبووان، بڕیار درا نووسراوێک ئاراستەی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێم بکرێت بۆئەوەی پارەی دیاریکراو ته‌رخان بکات بۆ خستنەبواری جێبەجێکردنی بڕیارى دروستکردنی شوێنی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە، هەروەها بڕیاردرا لە زووترین کات لێژنەی هاوبەشی نێوان وەزارەتەکان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کۆببنەوە و چارەسەرێکی خێرا بدۆزنەوە، تا ئەوکاتەی شوینی کۆکردنەوەی سەگەکان دروست دەکرێت.