Skip to the content
Menu

په‌یامی د. هێمن هه‌ورامی سه‌باره‌ت به‌ دەستکاریکردن و گۆڕانکاری لە مادەکانی ١٣ و ١٤ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق

بە نیگەرانییەکی زۆر لە هەوڵی ژمارەیەک پەرلەمانتار لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڕوانین. دەستکاریکردنی ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان و دەستبردن بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵەیەکی گەورەی دووبارەبووەوەیه‌. مێژوو سەلماندوویەتی هەمیشە هەوڵی خۆفەرزکردن و بەکارهێنانی لۆژیکی هێز ئەنجامی پێچەوانەی لێکەوتووەتەوە.
هێز و لایەنە سیاسییەکان دەبێ لەوە تێبگەن کە ماف و ئەرکی هاووڵاتییان و بەشێکی وڵات بەخۆ لە بۆسەدانان و دانانەوەی مینی سیاسی وەدینایەت، بەڵکو ماڵوێرانی زیاتری بەدوادادێت.
خەڵکی کوردستان و هەموو عێراق دڵخۆش و ئاسوودەبوون بە وپێشڤەچوون و لەیەکنزیکبوونەوەی هەردوو حکوومەتی ناوەند و هەرێم، ئومێدێکی گەورە بۆ کۆتاییپێهێنانی کێشەکان لە ئارادابوو، بەڵام وەک هەمیشە چەند تاقمێک دووبارە دەیانەوێت بمانگێڕنەوە بۆ خاڵی سەرەتایی کێشەکان، ئەوان نان و ژیانیان هەر لە گێژاو دەستدەکەوێت، دەزانن بە چارەسەری ئاشتیانە و کۆتایی قەیرانەکان ڕاستیی ئەوانیش دەردەکەوێت و کۆتاییان پێدێت.
لێرەوە داوا لە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق دەکەین نیازپاکیی خۆیان بسەلمێنن و بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەت کۆتایی بەو کێشانەش بهێندرێت و ئاهێکی ئاسوودەی بە دڵی هەموو خەڵک بهێندرێت. پێویستە هەموو ئەو لایەنانەی کە بەشداربوون لە پێکهێنانی حکوومەت، پابەندی بەڵینەکان بن و بەڵێنەکانیان ببەنە سەر.
دووپاتیدەکەینەوە، کە تاکە چارە لە ڕێگەچارە دیموکراتییەکان به‌ لەیەکتێگەیشتن و گفتوگۆ وەدیدێت، هەرگیز هێز و مامەڵەکردن بە لۆژیکی هێز سەرکەوتوو نابێت.
د. هێمن هه‌ورامی
جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان