Skip to the content
Menu

شاندێكی لێژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی سەردانی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانکۆی سەڵاحەدین دەکات

ئه‌مڕۆ دووشەممە ٢٠٢٣/٥/٨، شاندێكی لێژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە پەرلەمانی كوردستان، بەسەرۆکایەتیی مەلا ئیحسان محەمەد سه‌لیم، جێگری سەرۆکی لێژنە و ئه‌ندامیه‌تیی وەیسی سەعید وەیسی، بڕیاردەری لێژنە و فه‌یسەڵ عه‌باس عه‌وڵا، ئەندامی لێژنەکە، سەردانی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانکۆی سەڵاحەدینى لە شاری هەولێر كرد.
له‌ دیداربَكدا له‌گه‌ڵ ڕاگر و مامۆستایانی كۆلێژه‌كه‌، سەرەتا شاندی لێژنەکەى په‌رله‌مان، پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی د. جه‌میل عه‌لی ڕه‌سول کرد، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک ڕاگری کۆلێژه‌كه‌ و ھیوای سەرکەوتنیان لە ئەرکه‌ تازەكه‌ی بۆ خواست.
ھەر لە دیدارەکەدا، باس لە ڕۆڵی دیاری كۆلێژەكه‌ لە پێگەیاندنی مامۆستایان و پسپۆڕِانی بواری ئاینی له‌سەر په‌یامی ڕاسته‌قینه‌ی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، كه‌ په‌یامی خۆشه‌ویستی و ته‌بایی نێوان مرۆڤه‌كانه‌ كرا . شاندی لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، جەختی لەسه‌ر گرنگیی پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی کلتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و قووڵكردنه‌وه‌ى زیاترى فره‌یى و لێبوورده‌یى و پاراستنى مافه‌کانی مرۆڤ، یه‌کسانی و ئازادییه‌كان، لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی کوردستان کردەوە.
لە بەشێکی دیكه‌ی دیدارەکەدا، باس لە چەندین كێشە و داواكاری كرا، بۆ زیاتر بایەخدان و سوودوەرگرتن لە توانای دەرچووانی كۆلێژەكە. شاندی لێژنەكه‌ی په‌رله‌مان پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆیان بۆ داواكارییه‌كان ڕاگەیاند لەپێناو بایەخدانی زیاتر بە ڕەوشی خوێندنی ئیسلامی لە ھەرێمی كوردستان و جەختیان لەسەر ھەماھەنگی و لەیەكترنزیكبوونەوەی زیاتر بۆ كاری ھاوبەش كردەوە.
له‌ به‌رامبه‌ردا ڕاِگرایەتیی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان، خۆشحاڵیی خۆیان بەو سەردانە دەربڕِی و سوپاسی خەمخۆری و پەرۆشیی لێژنەکەیان كرد.