Skip to the content
Menu

شاندێکی لێژنەی شارەوانی سەردانی پارێزگای سلێمانی دەکات

بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتیی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بەخاوەنکردنی ئەو خانووانەی کە لە سنووری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان له‌سەر كراوه‌، نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٣/٥/٧، شاندێکی لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار، بەسەرۆکایەتیی لوقمان وەردی، سەرۆکی لێژنە و ئه‌ندامیه‌تیی ڕزگار محه‌مه‌د و شیرین یونس، ئەندامانی لێژنەكه‌، سەردانی پارێزگای سلێمانیی کرد.
له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یاندا، لیژنه‌كه‌ لەگەڵ لێژنەی تاپۆکردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان له‌سەر كراوه‌، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەنگاوەکان و گرفت و کێشەکانی بەردەم پرۆسەکە و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆئەوەی هاووڵاتییان بتوانن مامەڵەکانیان ڕایی بکەن و خانووەکانیان تاپۆ بکەن، گفتوگۆیان لەسەر کرا.
شایانی باسە لەماوەی ڕابردودا زیاتر لە سی هەزار هاووڵاتی تەنها لە سەنتەری شاری سلێمانی داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ تاپۆکردنی خانووەکانیان، لێژنەکە لە کارکردن و به‌دواچوون له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بەردەوامە و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێکی زۆری ئەو ھاوولاتییانەی کە داواکاریی تاپۆکردنی خانووەکانیان پێشکەش کردووە کارەکانیان تەواو دەبێت و خانووه‌كانیان لەسەر تاپۆ دەکرێت.