یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان و ڕێکخراوی (ETTC) ئیمزا کرا

سەعات ١٠ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشهممه ١٤/١٠/٢٠٢٥، لە مەڕاسیمێکدا بەئامادەبوونی ئەردەلان محهمەد سەرسپی، سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان و هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوان، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری چالاکی و خولی ڕاهینان لەنێوان سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان و ڕێکخراوی (ETTC) سەنتەری تەکنەلۆجیا و ڕاهێنانی ئەوروپی، لەهۆڵی پەناگیری لە دیوانی پەرلەمانی کوردستان ئیمزا کرا.
سەرەتای مەڕاسیمەکە کە د. دیرک یانکۆسکی، سەرۆکی بۆرد و ژمارەیەک لە ئەندامانی بۆردی ڕێکخراوەکە و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی پەرلەمان و بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی پەرلەمان ئامادەیبوون، د. فوئاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆیی جیهانییەکان بەشێوەیەک كه لە خزمەتی پەرلەمانتاران و کاری پەرلەمانی و بەهێزکردنی توانای دامەزراوەیی پەرلەمانی بێت، هەروەک پەیوەندی و هاوکاریی نێوان پەرلەمانی کوردستان و ڕێکخراوی (ETTC) سەنتەری تەکنەلۆجیا و ڕاهێنانی ئەوروپی لەڕابردوودا بەرزنرخاند و هیوای خواست دوای ئیمزاکردنی ئەم یاداشتنامەیە پەیوەندییەکان لە بواری هاوکاریی پەرلەمانیدا زیاتر گەشە بکەن.
شایهنی باسه بهر له مەڕاسیمەکەش، وەفدی میوان هۆڵی دانیشتن و بەشەکانی پەرلەمانی كوردستانیان بەسەر کردبۆوە.