بەیاننامەی پەرلەمانی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی ڕزگارکردنی شاری شنگال
خوشک و برا ئێزدییە خۆڕاگرەكان
جەماوەری سەربەرزی كوردستان
دوای ئەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لەگەڵ هاتنیدا هەموو ئامراز و ڕێگەیەکی دژ بە بەها ئاینی و مرۆڤایەتییەکان گرتەبەر بۆ تێکدانی دیمۆگرافیا و شوناسی نەتەوەیی و ئاینیی هەزاران ساڵەی ناوچەکە و تێکدانی پەرستگاکان و بە زۆر گۆڕینی ئاین و باوەڕی دێرینیان و کوشتنی بە کۆمەڵ و بە کۆیلەکردنیان و دەستدرێژیی هەمەچەشنە، کە دواجار ئەم جۆرە تاوان و ڕەفتارە دزێوانە لە ژێر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتاندا دەچنە خانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆسایدەوە. بۆیە بە هەڵمەتێکی کەموێنەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە فەرماندەیی مەیدانیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، لەڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا بەر لە (11) ساڵ، شنگاڵ و چیای شەنگاڵی ئازیز بە خوێنی ئاڵی (٥٠٠) شەهید و (٣٠٠٠) برینداری پێشمەرگە لە دەستی چەتەکانی داعش، ئازادکرا و ئاڵای کوردستان لە ئاسمانیدا شەکایەوە.
ئەم ساڵیادە تەنیا یادکردنەوە نیە، بەڵکو بەرزڕاگرتنی خۆڕاگریی بێوێنەی خوشک و برا ئێزدییەکانمانە کە ڕووبەڕووی تاوانی جینۆساید بوونەوە و هیچ هێزێک نەیتوانی ئیرادەیان بشکێنێت، هەروەها ڕێزگرتنە لە قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان، كە بەخوێنی خۆیان ئەو داستانەیان تۆماركرد و سەلماندیان ڕێگە نادەن بەشێك لە گەلەكەمان لەژێر ستەمدا بژیەت.
لەسەكۆی ئەم یادەوە جەخت دەکەینەوە کە پاراستنی مافە دەستوری و نەتەوەییەکانی خوشك و برا ئێزدییەکانمان بەشێکی دانەبڕاوە لە بەرنامە و كارو چالاكیەكانمان لە پەرلەمانی كوردستان، بەردەوام دەبین لە گەیاندنی دەنگی شنگال و كوردانی ئێزدی بە جیهان و سەركۆنەی هەر هەوڵێک دەكەین کە دۆز و قوربانیدانیان بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربهێنێت. هەروەها داوا دەکەین ڕێککەوتنامەی شنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، پێویستە خەلکی شنگال و ئێزدیەکان خۆیان بریار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، هێزە چەکدارە نایاساییەکان ناوچەکە جێبهێڵن، ئاوارەکان بە شکۆمەندی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و لەسایەی ئارامیدا بژین، و ساڕێژی برینەكانیان بكرێت و قەرەبووی ماددی و مەعنەویی زیانەكانیان بكرێتەوە.
سەری ڕێز بۆ ڕۆحی پاکی قوربانیانی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی دادەنەوێنین..
سڵاو بۆ خەبات و بەرخۆدان و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەكانمان..
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
٢٠٢٦/١١/١٣