ڕاگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانەوە
پەرلەمانی كوردستان بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەو ڕاگەیەندراوەی ئەمڕۆ لەلایەن وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاوكرایەوە، كە پێشێلی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات. دەستووری عێراق سیستمی حوکمڕانیی وڵاتی بە فیدڕاڵی دیاری کردووە، دانی ناوە بە هەرێمی کوردستاندا وەکو هەرێمێکی فیدراڵی، مافی پیادەکردنی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی پێداوە. هەرێمی کوردستان یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئەو سیستمە فیدڕاڵیەی دەستووری ٢٠٠٥ بنیاتی ناوە، و هەمیشە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای ماف و ئەرکە دەستوورییەکاندا ڕێکخستووە.
ئێمە وەکو دامەزراوەی یاسادانانی هەرێم و نوێنەری ئیرادەی گەلی کوردستان، پاراستنی پێگەی دەستووریی و دەسەڵاتە یاساییەکانی هەرێم بە ئەرکێکی نیشتمانی و دەستووریی خۆمان دەزانین. دووپاتی دەکەینەوە کە هەر ڕێکارێک لە دەرەوەی ئەو ڕێگایانەی دەستوور دیاری کردوون، پێچەوانەی بنەمای جیاکردنەوە و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە لە نێوان ئاستی فیدڕاڵی و هەرێمدا. هەروەها گیانی هاوبەشی و ڕێککەوتنی نیشتمانی لاواز دەکات، کە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە. ئەم جۆرە ڕێکارانە لە جیاتی چارەسەر، کێشەکان ئاڵۆزتر دەکەن و ئاسایش و سەقامگیریی گشتی دەخەنە مەترسییەوە.
لێرەوە دووپاتی دەكەینەوە، بەوپێیەی دەستوور یاسای باڵای وڵاتە، بۆیە دەبێت یەکلاییکردنەوەی هەر ناکۆکیەک لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمدا لە ڕێگەی دەقەکانی ئەو دەستوورە و ئەو میکانیزمانەوە بێت کە دیاری کردوون، نەک لەڕێگەی لێدوانی میدیایی و هەنگاوی تاكلایەنە. ئێمە پێشوازی دەكەین لە هەر هەوڵێک کە ئامانجی نەهێشتنی گەندەڵی و ڕێگرتن بێت لە پێشێلکارییە یاساییەکان، لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بەرکارەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێم. لێرەوە داوا لە سەرجەم دامەزراوە فیدڕاڵییەکان دەکەین گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و پابەندبوون بە دەقی دەستوور بکەنە بنەمای ڕێگەی چارەسەر، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزرێت.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦